'ئەردۆغان لەبەر چاوی جیهان مەدەنیەکانی بۆردومان کرد'

میهریجان نایف سلێمان کە لە هێرشی دەوڵەتی تورک لە سەرێکانی بریندار بوو، ڕایگەیاند، ئەردۆگان لەبەر چاوی جیهان مەدەنیەکانی بۆردومان کرد.

لە سەرێکانی دەولەتی تورکی داگیرکەری کاروانی ئۆتۆموبیلی هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردومان کرد کە لە هەرێمی جزیرەوە چووبوونە سەرێکانی و سەعید ئەحمەد پەیامنێری ئاژانسی هەواڵ هاوار و ١٠ کەس شەهید ببوون و ٧٤ کەسیش بریندار ببوون. میهریجان نایف یەکێک لە بریندارەکان کە لە نەخۆشخانەی ڕاحمی قامشلۆ لە ژێر چاودێری پزیشکاندایە بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە هێرشەکە کرد.

ئاماژەی بەوەدا، لە عاموودێ بۆ پشتگیریکردن بەرەو سەرێکانی رێکەوتوون و وتی، "بۆ ئەوەی نیشانی جیهان بدەین سەرێکانی بە تەنها نییە و گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵیاندایە، چووینە سەرێکانی. بۆ ئەوەی ببێتە مۆڕالێک بۆ بەرخۆدانی سەرێکانی ئێمە بە جۆشێکی گەورەوە بەرێکەوتین. لە کاروانەکەماندا کورد و عەرەب هەبوون. بۆ پشتگیریکردن لە سەرێکانی بەڕێکەوتین. هاوڵاتیە مەدەنیەکان زۆربەیان بەتەمەن بوون. لەناویاندا لەهەموویان گەنجتر بووم و هەموومان مەدەنی بووین. شەرڤانمان لەگەڵدا نەبوو."

'بە کوشتن ناتوانن کۆتاییمان پێبهێنن'

میهریجان نایف سلێمانی وتیشی، "ئامانجی ئەردۆغان قڕکردنی گەلی کوردە. ئەردۆغان دەلێت'ئامانجم لەناوبردنی تیروریستانە'. ئێمە تیروریست نین. ئێمە گەلی ئەم خاکەین. ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان لەناوبردنی سیستمی خۆسەری دیموکراتیکە کە گەلی کورد و عەرەب و سوریانی بە یەکەوە دروستتیان کردووە. دەیەوێت دوژمنایەتی لەنێوان کورد، عەرەب و سوریانی دا دروست بکات و لەگەڵ ئەوەی دەزانێت ئێمە کێین فڕۆکەکانی دەنێرێت و بۆردومانمان دەکات.

بانگەوازیم بۆ هەموو جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەیە، لەبەرچاوی جیهان دەوڵەتی تورک خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات. ئایا دڕەندەیی بەم شێوەیە لەکوێی جیهان ئەنجامدراوە. تا ئێستا دڕندەییەکی بەم شێوەیەمان نەبینیبوو. جیهان بەرامبەر ئەم دڕەندەییە بێدەنگە. جگە لە لێدوان هیچ شتێکی تریان پێنییە. بە ئەردۆغان دەڵێم،: بە کوشتن ناتوانی تەواومان بکەی. کورد خاکی خۆیان دەپارێزن."

"بەرخۆدێران هێزی ئێمەن"

میهریجان نایف سلێمان ڕاشیگەیاند، شەرڤانانی هەسەدە کە لەدژی هێرشە دڕندەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدان دەکەن، زۆر بەهێزن و وتی، "ئێمە بۆ ئەوەی ببن بە هێز چووین بۆ سەرێکانی، بەلام ئەوان بوون بە هێز بۆ ئێمە. دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند، ئەوان سەرکانیان کۆنتڕۆڵکردووە. بەڵام هەمووی درۆ بوو. سەرێکانی لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دایە.

با ئەوە باش بزانن، ئێمە پەشیمان نین کە چووینە سەرێکانی، زۆر خۆشحاڵ بووین و شەرڤانان بوون بە هێز بۆ ئێمە. پێویستە ئێمە کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ نەکەین، مەدەنی و پەککەوتەکان بۆردومان دەکرێن. خوا مافی شەهید و برینداران لە ئەردۆغان بسێنتەوە."

ف.ق