بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ٧٠هەزارکەس کۆچبەربوونە

خۆسەری دیموکراتیکی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، زیاتر لە ٧٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ،ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان ئامادەی گفتوگۆن وەک چۆن دۆناڵد ترامپ پێشنیاری کردووە.

سوپای داگیرکەری تورک لە ئاسمانی و زەمینەوە هێرشێکی فراوانیان بۆسەر هەرێمەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە، بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە تا ئێستا بەدەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوونەو بەدەیانی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لەئاوارەبوونی دەیان هەزارهاوڵاتی.

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە"لەئێوارەی ٩ی ئەم مانگەوە دەوڵەتی تورک و گروپەکانی هێرشێکی قورسیان کردۆتە سەر ناوچە سنورییەکان و شەڕێکی قورس لەنێوان سوپای تورک و هێزەکانی قەسەدەو ئەنجومەنی سەربازی ڕوودەدات".

کەمال عەکیف لەسەر ناوی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوەو تێیدا هاتووە:"لەماوەی ٣٩ کاتژمێردا، زیاتر لە ٧٠ هەزارهاوڵاتی مەدەنی لە ترسی بەئامانجگرتنی هێرشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە شارو شارۆچکەکان و گوندەکانی خۆیان جێهێشتووەو کۆچبەربوونە"،

عەکیف دەستنیشانی کردووە، بەهۆی تۆپبارانی سوپای داگیرکەری تورک ١٠ هاوڵاتی مەدەنی لە شارۆچکەو گوندە جیاجیاکان شەهیدبوونە، هێشتا ژمارەی شەهیدەکان نادیارە، چونکە چەندین بریندار حاڵەتیان لەمەترسی دایە.

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە:"فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کاروانی شاندێکی عەشیرەت و هاوڵاتیانی مەدەنیان کردە ئامانج کەلە ڕەقەوە بەرەو گرێسپی دەچون بۆ چالاکی قەڵغانی زیندوو لەسەر سنورەکان، بەمهۆیەشەوە چەندین کەس لەنێو شاندەکە برینداربوون".

باسلەوەشکراوە، لەڕۆژی ٩تا ١١ی ئەم مانگە واتە لەماوەی ٢ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەوە زیاتر لە ٧ هەزار کۆچبەر لە کەمپی مەبروکا گواستراونەتەوە ناوچە ئارامەکان، دۆخی مرۆیی زۆر دژوارە.

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا بانگی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە، بەخێرایی ئەو هێرشە نا ئەخڵاقیە ڕابگرن، ڕاشیگەیاندووە:"خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک هەمیشە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ سەبارەت بە پێشنیارەکەی دۆنالد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا، کراوەن".