ته‌ڤده‌م: توركیا، سووریا به‌ره‌و پارچه‌بوون ده‌بات
وته‌بێژی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی ته‌ڤده‌م كه‌مال عاكیف ده‌ستنیشانی كرد كه توركیا نایه‌وێت له ئیدلیب چاره‌سه‌رییه‌ك پێكبێت. گوتیشی: «پێویسته توركیا وه‌ك داگیركه‌ر ببینرێت.»
وته‌بێژی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی ته‌ڤده‌م كه‌مال عاكیف ده‌ستنیشانی كرد كه توركیا نایه‌وێت له ئیدلیب چاره‌سه‌رییه‌ك پێكبێت. گوتیشی: «پێویسته توركیا وه‌ك داگیركه‌ر ببینرێت.»
ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئێستای سووریا و به‌تایبه‌تی دۆخی عه‌فرین، كه‌مال عاكیف وته‌بێژی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی (ته‌ڤده‌م) كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز كرد.
عاكیف له سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا باسی ده‌ستدرێژییه‌كانی سوپای توركیای داگیركه‌ر و گرووپه چه‌ته‌كانی سه‌ر به توركیای كرد له دژی هاوڵاتییانی عه‌فرین. ناوبراو ده‌ستنیشانی كرد كه ده‌وڵه‌تی توركیا زۆر زه‌وی و ماڵی هاوڵاتییانی سووتاندووه. گوتیشی: «ئه‌م كرده‌وانه‌ی توركیا له عه‌فرین مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ن له به‌رانبه‌ر ئایندهی گشتیی سووریا.»
«بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی جێی شه‌رمه‌زارییه»
كه‌مال عاكیف گوتی: «ئێمه زۆر ڕاپۆرتی چالاكانی مافه‌كانی مرۆڤمان بینیوه، ئه‌و ڕاپۆرتانه ڕاستیی هه‌موو ڕووداوه‌كانی نێو عه‌فرین و ده‌ستدرێژییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا ئاشكرا ناكه‌ن. بارودۆخی عه‌فرین پێویستی به هه‌ڵوێستێكی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. بێده‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له به‌رانبه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژییانه له عه‌فرین جێی شه‌رمه‌زارییه.»
«توركیا له ئیدلیب ڕێ له چاره‌سه‌ری ده‌گرێت»
ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كان له ئیدلیب، وته‌بێژی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی ته‌ڤده‌م ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه گفتوگۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته له هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه پێكدێن. گوتیشی، ئه‌وان وه‌ك ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی ته‌ڤده‌م به وریاییه‌وه چاودێریی دیداره‌كان ده‌كه‌ن.
«پێشكه‌وتنی گرینگ له ئه‌نجامی ئه‌م دیدارانه‌دا پێكدێن و كاریگهرییهكانیشیان له‌سه‌ر ئیدلیب ده‌رده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئایندهی سووریا ده‌كه‌ن. توركیا له ئیدلیب سیاسه‌تێكی نه‌رێنی به‌ڕێوه‌ده‌بات و ڕێ له چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌گرێت و ئاڵۆزی درووست ده‌كات. له ئیدلیب هه‌تا ئێستا هه‌ڵوێستی توركیا نادیاره. ئه‌گه‌ر دانوستان له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ر نه‌كرێت، بێگومان توركیا ڕێوشوێنی زیاتر ده‌گرێته‌به‌ر و سووریا به‌ره‌و پارچه‌بوون ده‌بات.»
«گۆڕینی جوگرافیا په‌سه‌ند ناكرێت»
ده‌رباره‌ی دۆخی كۆچبه‌ران كه‌مال عاكیف ده‌ستنیشانی كرد كه ڕووسیا، توركیا و ڕژێمی سووریا سیاسه‌تی گۆڕینی دیمۆگرافیا له سووریا به‌ڕێوه‌ده‌بات و ئه‌م سیاسه‌ته له مه‌یداندا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. گۆڕینی دیموگرافی نه‌ك ته‌نیا زیان به یه‌كێتیی گه‌لی سووریا ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكوو كاریگه‌ری له گشت سووریا ده‌كات.
وته‌بێژی فه‌رمی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی ته‌ڤده‌م كه‌مال عاكیف له كۆتایی قسه‌كانیدا گوتی: «ئێمه له دژی گۆڕینی دیمۆگرافیاین. ئێمه ده‌بینین كه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له سووریا به‌ڕێوه‌ده‌برێت مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سووریا‌ن، مافی خۆیانه بگه‌ڕێنه‌وه واری خۆیان. به‌ڵام توركیا ده‌یه‌وێت بابه‌تی كۆچبه‌ران له دانوستانی سیاسی‌دا به‌كاربێنێت و یاری به چاره‌نووسی كۆچبه‌ران بكات. ئێمه له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو هاوڵاتییانی سووریاین، به‌ڵام پێویسته گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ڤه‌ره ڕه‌سه‌نه‌كان بێت و به گوێره‌ی داوای توركیا و هه‌ندێ لایه‌نی دیكه نه‌بێت.»
s.m