جەبار ئەمین، لە عەفرینەوە پەیامێکی بڵاوکردوە

جەبار ئەمین، پارلەمانتاری پارتی ژینگەی سوید، ماوەی چەندین ڕۆژە لە ڕۆژئاوای کوردستانە و ئەمشەویش لە عەفرینەوە سەبارت بەسەردانەکەی و دوخی ئەوێ پەیامێکی بڵاوکردوە.

 

ڕۆژی دووشممە گەیشتمە ڕۆژئاوای کوردستان

جەبار ئەمین، لە پەیامێکدا، کە لە ئەکوانتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبۆک بڵاویکردوتەوە، دەڵێت"ڕۆژی دووشەممە گەیشتمە ڕۆژئاوای کوردستان. لەگەڵ نەسرین عبداللە، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن ـ یەپەژە و عبدالکریم عومەر، بەرپرسی دەستەی کاروباری دەرەوەی هەرێمی جزیرە، ئیوارەی سێ شەممە گەیشتمە عەفرین. عەفرینێک، کە لە باکوور و ڕۆژئاوای هەرێمەکەوە لە ژێر هێرشی لەشکری تورکیای فاشیستە، و لە باشور و ڕۆژهەڵاتەوە لە ژێر هێرشی چەتە ئیسلامیەکانی سەر بە ئەردوگانە".

لە عەفرین لە مەزاری شەهیدان و ئاڤێستا خابوروە دەستم پێکرد

جەبار ئەمین، بەردەوام دەبێت و دەڵێت:"لە عەفرین لە مەزاری شەهیدان و مەزاری ئاڤێستا خاپورەوە، دەستم بە سەردانەکەم کرد. بەگەیشتنم چاوم بە کچ و کوڕێکی تەمەن ١٠، ١٢ ساڵان و فریشتەیەکی ٣٠، ٣٥ ساڵان کەوت، منداڵەکان لەسەر گۆڕی باوکی شەهیدیان و فریشتەکە لە سەر مەزاری مێردی شەهیدی دەگریان، تازە ناشتبویانن و گوڵیان لەسەر دادەنا".

زۆربەی شەهیدەکان سڤیلن

پارلەمانتارەکەی پارتی ژینگەی سوید، ئاشکرای دەکات:"
تەنها لەم مانگەدا، نزیکەی ٢٠٠ تا ٣٠٠ شەهید بۆ ئەم مەزارەی عەفرین براوە کە ئەو سەردانی کردوە. لەوانە، زیاتر لە ١٩٠ کەسییان سڤیل بون بوونەتە قوربانی هێرشی دڕندانە و ناڕەوای تورکیا. ژمارەی شەڕڤانانی شەهیدیش زۆر بوون".

سڤیلەکان دەکرێنە ئامانج و کیمیاویش بەکارهێنراوە

پارلەمانتار جەبار ئەمین، ئاشکرای دەکات:"لە خەستەخانەش لە زاری دکتۆرەکانەوە پێم گەیشت، کە ژمارەی هاوڵاتیانی بریندار لە ٥٠٠ کەس زیاتر بووە. هەر لەوێ بەڕێوەبەری خەستەخانە نەخۆشیکی پیشان دام، کە بە ناپاڵم هەندێک لە دەم وچاو و لەشی سوتابوو. دکتۆرێکی تر بۆی باس کردم، کە چۆن ٦ کەس لە خێزنێکدا بەر چەکی کیمیاوی (کلۆر) کەوتوون. جگە لەوە دکتۆرەکان خەمی کەم دەرمانی و کەم ئامێریان هەبوو".

ڕێگاوبان و شوێنە مێژوویەکان هێرشان دەکرێتە سەر

جەبار ئەمین، درێژەی دەداتی و دۆخی سەختی عەفرین وەها دەگێڕێتەوە:" لە سەر شەقامێک بینیم، کە چۆن ڕێگاکانیش دەدرێنە بەر موشەکی فرۆکەی جەنگی تورکیا و هەروەها چۆن ئوتومبێل و بارهەڵگریش لێیان دەدرێت. چەند کیلۆمەترێک لە دەرەوەی عەفرین دیم، کە چۆن فرۆکەکانی ڕژێمی تۆرکیا شوێنی میژووییان داوەتە بەر موشەک و وێرانیان کرد بوو".

بەهۆی هێرشی تورکیاوە دەیان هەزار کەس کۆچبەربوون

جەبار ئەمین، ڕایگەیاندوە:"لە بەرپرسانی هەرێم و شارەکەوە زانیم ،کە چۆن زیاتر لە  ٥٠،٠٠٠ کەسی سڤیل لە تاو تۆپبارانی تورکیا لە دەوروبەری عەفرینەوە پەنایان بردووە بۆ نێو شارەکە، بێ ئەوەی نەتەوە یەکگرتۆکان هیچ هاوکارییەکی شارەکە و لێقەوماوەکان بکات".

ورەی خەڵکی عەفرین بەرزە

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، جەبار ئەمین، پارلەمانتاری پارتی ژینگەی سوید، نوسیویەتی:"
لەگەڵ گشت ئەو نەهامەتیانەدا، دیم چەند ورەی خەڵکی عەفرین بەرزە بۆ بەرگریکردن لە شار و خاکەکەیان. هەر بژی بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین".

هـ،هـ