ئەو منداڵانەى عەفرین کە لە کەمپى بەرخۆداندا دەمێننەوە، دواى ٣ مانگ دیسانەوە دەستیان کردەوە بە خوێندن. ئەو خوێندکارانە بەهۆى هێرشى داگیرکەرانەى دەوڵەتى تورکیاوە ناچاربوون بۆ ماوەیەک خوێندنەکەیان رابگرن.
منداڵانى عەفرین لەبەر هێرشى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا و چەتەکانى بەرەى نوسرە، قاعیدە و داعش ناچار بوون حاڵ و ماڵى خۆیان بەجێبهێڵن و کۆچ بکەن بۆ شەهبا. ئێستاش دواى ٣ مانگ لە دابڕانیان لە پرۆسەی خوێندن دیسانەوە دەستیان کردەوە بە خوێندن.
پەروەردەى منداڵانى عەفرین لە کەمپى بەرخۆدان و فافین دەستیپێکردووەتەوە. بەهۆى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن، لە کەمپەکەکەدا مەراسیمێک بەڕێوەچوو، بەڕیوەبەرانى کانتۆنى عەفرین، بەڕێوەبەرانى کەمپەکە و مامۆستایان و بنەماڵەى منداڵان و خوێندکارەکان ئامادەى مەراسیمەکە بوون.
لەیلا ئیبیش بە ناوى کۆنگرەى ستارەوە وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، کردنەوەى خوێندنگەکان وەڵامێکە لە دژى هێرشە داگیرکەرییەکانى تورکیا.
شەرڤین حەمۆ لە کۆمیتەى پەروەردەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک رایگەیاند، ئامانجى داگیرکەریى تورکیا ئەوەیە، کە رۆشنبیرى و کلتور و زمانى کوردی بسڕێتەوە، بەڵام ئێمە لەهەر کوێ بین خاوەندارى لە زمان و کلتورەکەمان دەکەین.
دوای پێشکەشکردنى وتەکان و ئاهەنگ و گۆرانى، خوێندکارانى پۆلی یەک تاوەکو ٦ چوونە ناو پۆلەکانیان دەستیان کرد بە خوێندنى وانەکانیان.