لە ناوچەی ئەحرەزی شەهبا، نوێنەری هەر یەک لە رێکخراوەکانی خانەوادەی شەهیدان، کەمئەندامان و زیندانیان بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە.
بەیاننامەکە لە لایەن نەریمان سیدۆ ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و گیڤارا شۆڕش ئەندامی رێکخراوی کەمئەندامانەوە خوێندرایەوە.
لە بەیاننامەکەدا بانگەوازیەکەی ئەم دواییەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ یەکێتی نەتەوەیی، بە بیری هێزە کوردیەکان هێنرایەوە.
رێکخراوەکان بۆ یەکێتی هێزەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک (تەڤ-دەم) و ئەنجومەنی نشتیمانی کورد (ئەنەکەسە) کرد کە بە سەرپەرەشتی مەزلوم عەبدی فەرماندەی قەسەدە هەوڵ بۆ یەکڕێزی کورد بدەن.
لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و ئاماژە بەوەش کرا کە پارتە سیاسیەکانی کورد لە قۆناغێکی مێژوویدان و مانەوە و لەناوچوون، لە ئەنجامی یەکگرتندا یەکلایی دەبێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە:" دوژمن هەمیشە پارچەبوونمان بەکار دەهێنێت. دەبێت هەموومان یەک جەستە بین، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان و گەلەکەمان و خاکەکەمان لە بەرامبەر دوژمن بپارێزین.
ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کەمئەندامان، ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان-ی هەرێمی عەفرین و هەموو زیندانیانی ناو بەندیخانەکانی فاشیزمدا، هیوادارین ئەم هەوڵانە بۆ یەکگرتن و یەکێتی ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت."
رێکخراوەکان هاوکات رایانگەیاند، ئازادی و سەربەخۆبوون بە بێ یەکێتی سیاسی و سەربازی بەدی نایەت و ئەوەی دەستکەوتەکان دەپارێزێت، یەکێتیە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەشد هاتووە: ""ئەمساڵ دەکەین بە ساڵێکی مێژوویی بۆ دۆزی کورد. با ببێت بە ساڵی یەکێتی و سەرکەوتن. با شەڕی براکوژی لەبیر بکرێت. سەرکەوتن لە رێگای یەکێتیەوە بەدی دێت، بە تایبەت لە چوارچێوەی بەڵێنی دیاریکردنی چارەنووس بۆ دواڕۆژی گەل."
ز.ش