سوپای داگیرکەری تورکیا ناوەندی عەفرین تۆپباران دەکات

سوپای داگیرکەری تورکیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی شوێنە مەدەنییەکانی ناوەندى شاری عەفرین و دەرووبەری. سوپای داگیرکەرى تورکیا لە کاتێکدا عەفرین تۆپباران دەکات کە سەدان هەزار هاوولاتی مەدەنی لەو شارەدا ژیان بەسەر دەبەن.

 

 هێرشی داگیرکارانەی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ٤٨ ڕۆژە بەردەوامە. سوپای داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپخانەکانی بەردەوامە لە تۆپباران و بۆردومانکردنى ناوەندی عەفرین.

 دیمەنی ئەو هێرشانە لە لایەن هەواڵنێرەکەمانەوە تۆمارکراوە.

هەر ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى داگیرکەرى تورکیا دەستیان کردووەتەوە بە بۆردومانکردنى جندرێس و دەرووبەری. هەروەها چیاى لەیلون لە ناوچەى شێراوا و گوندى ترند-ی سەر بە ناوەندى عەفرین تۆپباران دەکەن.

سوپاى داگیرکەرى تورکیا و چەتەکانى بەرەى نوسرە و داعش لە هێرشەکانیاندا چەکى قەدەغەکراوى هێشوویى، ناپاڵم و غازى کلۆر بەکاردەهێننن. هەروەها خوێندنگەکان، فڕنەکان، ماڵى هاووڵاتیان، شەقامەکان، گوندەکان، وێستگەکانى ئاو و مزگەوتەکان، شوێنە میژووییەکان لەلایەن تورکیا و چەتەکانەوە تۆپباران و بۆردومان دەکرێن.

بەهۆى بۆردومان و تۆپبارانى سوپاى داگیرکەری تورکیا و چەتەکانەوە زیاتر لە ٢١٢ هاووڵاتى عەفرین شەهیدبوون و نزیکەى ٧٠٠ هاووڵاتیى تریش برینداربوون.

هەر دوێنێى قەسەدە ڕایگەیاند، له‌ ماوه‌ی ٤٧ ڕۆژی شه‌ڕی عه‌فریندا، هه‌زار و ٥٨٨ سه‌رباز و چه‌ته‌ی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر كوژراون.

 

ر.م