پاش ئەوەی شەڕڤانانی قەسەدە لە چوارچێوەی هەڵمەتی گەردەلولی جزیر دا شارۆچکەی دشیشا-یان لە چەتەکان پاککردەوە، توانیبوویان، ٢ کیلۆمەتری تر لە سنووری عێراق نزیک ببنەوە.
دوێنێ شەو، پاش شەڕێکی قورس، شەڕڤانان توانیان گوندی زیبە لە چەتەکانی داعش پاک بکەنەوە. بەو پێیەش لە ئێستادا شەڕڤانان تەنها ٦ کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورن.
شەڕڤانی قەسەدە ئۆرکەش چیا، دەربارەی هەڵمەتەکە وتی "لە ڕۆژی ١٤هەمینی هەڵمەتەکەدا شارۆچکەی دشیشا-مان ڕزگار کرد و ئێستاش گوندی زیبە ڕزگار بووە. بۆئەوەی هاووڵاتییان و گوندنشینان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە ئێستادا هەرێمەکە لە مینی چێنراو و پاشماوەی چەتەکان پاک دەکەینەوە".
شەڕڤانی قەسەدە چیا بە بیری هێنایەوە، ئەوان بۆ ڕزگارکردنی گەل لەدەست چەتەکانی داعش، شەڕ دەکەن و وتیشی "تەنها ٦ کیلۆمەتر ماوە کە ئێمە بگەینە سەر سنوری عێراق".
بە دەستپێکردنەوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی گەردەلولی جزیر لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە، تا ئێستا دەیان گوند و کێڵگە و شارۆچکەی دشیشا لەدەست چەتەکانی داعش ڕزگارکراون. بەوەش تا ئێستا ناوچەیەک بە رووبەری ٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەست چەتەکانى داعش ڕزگار کراوە.
ر.م