فشار و هێرشەکان لەبەردەم پەروەردە لە شێراوا نابنە ئاستەنگ

سەڕەرای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و فشارەکانی ڕژێمی سوریا (کەپەجە – دیموکراتیک / KPC-Demokratîk) بۆ ئەوەی منداڵانی شێراوا بێ پەروەردە نەمێنن، خانوو دەدۆزێتەوە و منداڵان پەروەردە دەکات.

دوای ئەوەی عەفرین داگیرکرا، بە هەزاران هاوڵاتی عەفرین ڕوویان کردە ناوچەی شێراوا. بەشێک لە ناوچەی شێراوا لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە. بەڵام بەشەکەی تر لە دەست خەڵکی شێراوا و خەڵکی عەفریندایە. بەشێک لە ئاوارەکان لە خوێندنگەکان و بەشێکیش لە ماڵی خەڵکی شێراوا دا دەمێننەوە. بەشێکیان لە کەمپی ڤەگەری گوندی زیارەتن. هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیشی بەردەوامە. ئەمەش بە تایبەتی کاریگەری لە سەر پڕۆسەی خوێندن لە گوندەکان هەیە. لە لایەک دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هێرش دەکەنە سەر خوێندنگەکان و لە لایەکی ترەوە ڕژێمی سوریا فشارەکانی زیاتر دەکات. زەینەب گۆباری ئەندامی (کەپەجە –دیمەکراتک) لە بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی شێراوا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامی پڕۆسەی پەروەردە کرد.

هەوڵی چۆڵکردنی گوندەکان دەدەن

گۆباری ڕایگەیاند، بەر لە شەڕ لە شێراوا سیستمێکی پەروەردە هەبوو و دوای هاتنی ئاوارەکانی عەفرین هەندێک گۆڕانکاری ئەنجامدران و وتی، "بە هێرشەکانیان دەیانەوێت خەڵکی ناوچەکە بترسێنن و گوندەکانیان چۆڵبکەن. سەڕەرای هێرشەکان ئێمەش سیستمەکەمان بەهێز دەکەین و کارەکانمان بە باشی ئەنجام دەدەین. ساڵی ڕابردوو خوێندنگەیەکمان دروست کرد و خوێندکارانی هەموو گوندەکانمان کۆکردەوە. دوای ئەوەی ئاوارەکان لە ناوەندە فەرمیەکان نیشتەجێبوون، ئێمەش هەوڵی دەرکردنی ئەوانمان نەدا و دەستمان بە جێگرەوەی ئەوە کرد. خانوومان دۆزیەوە و دوو خانوومان کرد بە خوێندنگە. لەو خانوویانە دەستمان بە پەروەردە کرد. بەم شێوەیە توانیمان هەندێک کێشە چارەسەر بکەین.

خولی پەروەردەی هاوینە

لە سەرەتای پشووی هاویندا بۆ ساڵی ڕابردوو کارمان کرد. هەم بۆ مامۆستاکانمان و هەم بۆ خوێنکارەکانمان خولی هاوینەمان کردەوە. دەستمان بە پەروەردەیی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی کرد. بەو شێوەیە ئامانجمان ئەوەبوو، منداڵان هەم لە پەروەردە دوانەکەون و هەم دەروونی منداڵان تێک نەچێت. بۆ مامۆستاکانیش پەروەردەکانمان لەبارەی ماتەریالەکان بوو.

خوێندکار و مامۆستای عەرەب

لە ئێستادا ١٥٧ مامۆستامان هەیە. ١٤ مامۆستا عەرەبن. لەبەرئەوەی لە خوێندنگاکانماندا خوێندنکاری عەرەبیشمان هەیە. لە کەمپی درجەمێل، زیارەت و شەهبا چەند پۆلێک بۆ خوێندنکارە عەرەبەکان دابینکراون. نزیکەی ١١٦ خوێندکاری عەرەبمان هەیە. ئەوان پەروەردە بە زمانی دایکی خۆیان دەبینن.

لە هەرێمەکە ١١ خوێندنگەی سەرەتایی و ٣ خوێندنگەی ناوەندی و ٢ خوێندنگەی دواناوەندیمان هەیە

لە ناوچەکە ١١ خوێندنگەی سەرەتایمان هەیە. لەو خوێندنگەیانەدا هەزار و ٤٥٠ خوێندکار پەروەردە دەبینن. ٣ خوێندنگەی ناوەندیمان هەیە و ٢٠٠ خوێندکار تێیایدا دەخوێنن. وەک تر ٢ خوێندنگەی دواناوەندیمان هەیە و نزیکەی ٧٠ خوێندکاری تێدایە. لە خوێندنگە ناوەندیەکاندا پۆلێکمان بۆ عەرەبەکان کردووەتەوە. بە گشتی لە خوێندگەکان پەروەردەی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی پێشکێش دەکرێت.

فشارەکانی ڕژێمی سوریا

گۆباری ئاماژەی بە فشار و هەڵویستی نەرێنی ڕژێمی سوریا کرد و وتی، "ڕژێم لە خوێندنگەکانی زمانی کوردی قەدەغە کردووە. بەڵام لە خوێندنگەکانماندا حاڵەتێکی بەو شێوەیە نییە. هەموو کەسێک دەتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت. لە ناو سیستمە دیموکراتەکەی ئێمە،خوێندکارە عەرەبەکان بە عەرەبی و کوردەکانیش بە کوردی دەخوێنن.

ڕژێم خەمی هیچی نییە

ساڵی ڕابردوو لە خوێندنگە فەرمیەکان، کارەکانمان بەردەوام بوو. ڕژێم هەوڵیدا دەست بە سەر خوێندگاکاندا بگرێت. لەو خوێندنگەیانەدا پەنابەر نیشتەجێ ببوون. هەوڵی دەرکردنیانی دەدا. پەنابەران لە هەندێک خوێندنگەکاندا دەرکران. ڕژێمی سوریا بە بەردەوامی کێشە دروست دەکات. هەوڵ دەدات ڕێگە لە پەروەردە بگرێت. دەوڵەت هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی خوێندنگە و شوێنە فەرمیەکان. لەو خوێندنگەیانەدا خوێنکار دەخوێنن یان نە، خەمی ڕژێم نییە بۆ ئەو گرنگ نییە. لە گوندەکان بە سەدان خێزان هەن. بۆ ڕژێمی سوریا زمانی ئەوان گرنگ نییە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک

گۆباری باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی کرد و وتی، "خوێندگەکان دەبنە ئامانجی تۆپ و هاوەنەکانیان. چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژمارەیەکی زۆر هاوەن و تۆپ لە دوروبەری خوێندگەکان کەوتن. ئەمەش کاریگەری خراپی لسەر منداڵان هەیە. منداڵان دەترسن. بە چەند ڕۆژ ناتوانن بچن بۆ خوێندنگە. لەگەڵ خێزانەکانیان قسەمان کرد و داوامان کرد منداڵەکانیان بگەڕێنەوە. لە گوندی سیخونەک هەموو ڕۆژی هێرش دەکرێت. ئێمەش ناچار بووین خوێندکارەکانیان لە ناوچەکانی تردا پەروەردە بکەین.

کێشەی هاتوچووی چوار گوند

گۆباری ڕاشیگەیاند، لە گوندەکانی برجقاس، کلۆتێ، مەزن و باشەمرەی شێراوا کە گەمارۆدراون، ژمارەیەکی زۆر خوێندکار و خوێندنگەمان هەیە. بەڵام مامۆستامان نییە. بەو هۆیەوە لە ناوچەکانی تر مامۆستا دەنێرین. بەڵام هاتوچوو کێشەی هەیە. ساڵی ڕابردوو چەندین ڕۆژ بە هۆی داخستنی ڕێگاکان خوێندنگەکان بێ مامۆستا مانەوە. بە تەنها ڕێگەیەک هەیە ئەویش ڕێگەی  نوبل – زەهرایە. ئەو رێگەیەش لە لایەن ڕژێمەوە کۆنتڕۆڵدەکرێت.

ف.ق