قەسەدە ئاماری شەڕی شەوی ڕابردوو تا پێش ئاگربەست ئاشکرا دەکات

قەسەدە ڕایگەیاند، لە شەڕ و بەرخۆدانی پێش ڕاگەیاندنی بڕیاری ئاگربەست، لانی کەم ٩٣ چەتەی سوپای تورکی داگیرکەر کوژران. لەشەڕدا ٩ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک شەهید بوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئامارەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری لەگەڵ شەڕڤانان تا کاتی پێش ئاگربەست ئاشکرا کرد.

راگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

"هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەری بە شێوەیەیکی پچر پچڕ لە سەرانسەری هێڵی سنوور بەردەوام بوو.. هێرشەکان بە تۆپ، تانک و چەکی قورس و پاڵپشتی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکان لە هەموو هەرێمەکان نەوەستان. دیسان وەکو وەڵام، لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا شەڕڤانانی قەسەدە وەڵامی هەموو هێرشەکانیان دایەوە.

دێرك

سوپای داگیرکەر ئێوارەی دوێنێ گوندەکانی دێرک-ی بە سەختی تۆپباران کرد، لە تۆپبارانەکەدا زیانی گەورە گەیشتە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان. شەڕڤانانمان لە گوندەکانی قەسر دیب، هەیاکا، وادی زیئاب و شەبانی وەڵامیان دایەوە لە بارەگەکانی سوپای تورکی داگیرکەریان دا، لە ئەنجامدا سێ سەربازی تورک کوژران و یەکێکیش بریندار بوو.

عاموودێ

لە هێڵی ئەلووک دوای شەڕێکی قورس سوپای داگیرکەر لەگەڵ چەتەکانیان لە ناوچەکە کشانەوە. هەروەها لە گوندەکانی خەرەز و هەرێمەکانی دیکەی سنوور، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای داگیرکەری تورک، هەڤاڵێکمان بریندار بوو.

سه‌رێ كانی

وێڕای ئەوەی شارەکە لەژێر بۆردومانی چڕی فڕۆکەی جەنگی و تۆپبارانی تۆپخانەکانی سوپای تورکی داگیرکەر دابوو، گرووپی چەتەکان ویستیان دزە بکەنە ناو گەڕەکەکانی سەرێ کانی. لە گەڕەکەکانی نەورۆز، مەهاتا، زۆراڤا و زەردەشتدا شەڕی دەستەویەخە لەنێوان هێزەکانمان و چەتەکان ڕوویدا. لە ئەنجامدا هەموو هێرشەکانی ئەو چەتانە تێکشکێندرا. لەو گەڕەکانەدا لانی کەم ٧٠ چەتەی داگیرکەر کوژران.

وێڕای تۆپبارانی چڕ و هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانیش، سوپای تورک نەیتوانی بچێتە ناو نەخۆشخانەی شارەکە. دوای بەرخۆدانی هەڤاڵانمان لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە، هێرشەکان تێکشکێندران و لانی کەم ١٠ چەتە لەوێ کوژران. هەڤاڵانمان وێڕای تۆپباران و بۆمبارانی قورسیش، نەیانهێشت چەتە بگەنە ناو شارەکە.

گرێ سپی

هێزەکانمان لە گوندەکانی ئەبوو سرا لە ڕۆژئاوای گرێ سپی چالاکی کاریگەریان ئەنجام دا و لەو چالاکییانەدا ژمارەیەک چەتە کوژران، هەروەها زرێپۆش و ئۆتۆمبیلی سەربازی گورزیان لێدرا و تێکشکێندران. لە گوندەکانی خربەت یوسف، وابدێ و ترازوو هێرشی ئاسمانیی و تۆپباران بەڕێوەچوون. ئەو هێرشانە بارەگای هێزەکانی سوریاشی کردە ئامانج. هێزەکانمان وەڵامیان دانەوە و لەو گوندانەش ئۆتۆمبیلێکی سەربازی و زرێپۆشێک تێکشکێندران. لە گوندەکانی عەین عیسادا، لەنێوان هێزەکانمان و چەتەکان شەڕی قورس ڕوویدا، هاوکات فڕۆکەیەکی سوپای داگیرکەری تورک چەتەکانی خۆی بۆردومان کرد و ژمارەیەکی زۆری لێ کوشتن.

بە گشتی لە ئەنجامی شەڕ و بەرخۆداندا لە هەرێمەکە لانی کەم ٩٣ چەتە کوژران، ژمارەیەکی زۆری چەتەش بریندار بوون، ٤ زرێپۆش، ٤ ئۆتۆمبیلی سەربازی و تانکێک تێکشکێدران.

لە شەڕەکەدا ٩ هەڤاڵمان شەهید بوون، ٤١ هەڤاڵیشمان بریندار بوون."

ک-ش