قەسەدە: بۆ پاراستن ساتێکیش ناوەستین

فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی خۆمان ساتێکیش ناوەستین و بانگەوازی بۆ هەموو پێکهاتەکان کرد، لەگەڵ هێزەکانیان وڵاتی خۆیان بپارێزن.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەڕەشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

ڕاگەیاندنەکە بەم شێوەیەیە:

"وێڕای ئەوەی هەوڵمان دا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دروست نەبن و نەرم بووین بۆ دروستکردنی میکانیزمی ئاسایشی سنوور و پێکهێنانی ئەو ئەرکانەی دەکەونە ئەستۆی ئێمە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا ئەرکەکەی خۆیان جێبەجێ نەکرد و هێزەکانی خۆیان لە سنووری تورکیا کشاندەوە. ئێستاکەش تورکیا ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاریگەرییەکی نەرێنی گەورە لەسەر شەڕ لەگەڵ چەتەکانی داعش دەکات، هەروەها خەباتی ساڵانی ڕابردوو بۆ سەقامگیریش لەناو دەبات.

ئێمە وەکو هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) یەک ساتیش بۆ پاراستنی خۆمان ناوەستین. بانگەوازی بۆ گەلەکەمان دەکەین بە هەموو پێکهاتەکانی عەرەب، کورد، سریان و ئاشووری بۆ ئەوەی ببنە یەک و شانبەشانی هێزە ڕەواکانیان بوەستن، بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیان لە هێرشەکانی تورکیا بپارێزن".