بەرخۆدانى عەفرین لە ٤٦هەمین ڕۆژدایە و بەرخۆدانی بەهێزى شەڕڤانان و گەلی عەفرین لە دژى سوپاى داگیرکەرى تورکیا و چەتەکانى داعش و قاعیدە بەردەوامیى هەیە. گەنجانى باشووریش لە سەرەتاى ئەو بەرخۆدانییەوە ڕوویان لە عەفرین کردووە و بوون بە شەڕڤانى عەفرین.
ئاژانسى هەواڵى ڕۆژ نیوز لەوبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى ڕابردوودا ٦٠ گەنجی باشوورى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە عەفرین چوونەتە ئەو هەرێمە و بوون بە شەڕڤان.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ماوەیەدا و لە هەر چواربەشى کوردستانەوە سەدان گەنج چوونەتە عەفرین و لە ئێستادا شانبەشانى شەڕڤانان بەرگرى لە عەفرین دەکەن.
لە بەردەوامیى بەرخۆدانى عەفریندا ڕۆژی ٢٨ى ١ى ٢٠١٨ شەڕڤانێکى خەڵکى شاری هەولێر لە باشوورى کوردستان بە ناوى باشوور سۆران لە عەفرین شەهیدبووە و بەوەش بووەتە یەکەم شەڕڤان و گەنجى باشووری کوردستان کە لە بەرخۆدانى عەفریندا شەهیدبوو.
جگە لە گەنجانى کوردستان لە چەندین وڵاتەوە سەدان ئازادیخواز و کەسانى ئینتەرناسیۆناڵ ڕوویان لە ڕۆژئاواى کوردستان کردووە و بەشێکیان خۆیان گەیاندووەتە عەفرین و شانبەشانى شەڕڤانان بەرگرى لە عەفرین دەکەن.
ر.م