لە هێرشى سوپاى داگیرکەرى تورکیادا ٢١ فڕنى عەفرین خاپووربوون

هێرشەکانى سوپاى داگیرکەرى سوپای تورک بۆ سەرعەفرین ماوەى ٤٦ ڕۆژە بەردەوامە. لەو ماوەیەدا و بەهۆى بۆردومان و تۆپبارانەکانى ئەو سوپا داگیرکەرەوە ٢١ فڕنى عەفرین خاپووربوون.

 

سوپاى داگیرکەری تورکیا و چەتەکانى قاعیدە و داعش سەرباری ئەوەى بە نوێترین تەکنەلۆژیاى سەربازی و چەکى قورس هێرش دەکەنە سەرعەفرین، بەڵام بە ئیرادەى بەرخۆدانی گەلی عەفرین ناوێرن. بۆ ئەوەش ماڵ و حاڵى هاووڵاتیانیان و شوێنە گشتى و مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانجى هێرشەکانیان و دەیانەوێت گەل ئاوارە بکەن. لەگەڵ ئەوەى سوپاى تورکیا خوێندنگەکان، ناوەندەکانى تەندروستى، وێستگەکانى ئاو و بەنداوى عەفرین بۆردومان و تۆپباران دەکات، دەستیشیکردووە بە بۆردومانکردنى فڕنەکان و تا ئێستا ٢١ فڕن لە ناوەندى شارى عەفرین و ناوچەکانى دەورووبەرى خاپوورکردووە، کە نانى سەدان هەزار هاووڵاتییان دابین دەکرد. سەربارى ئەوەش چەندین فڕن لە ژێر بۆردومان و لەو دۆخە قورسەى شەڕدا بەردەوامن لە دابینکردنى نانى هاووڵاتیان.

سەرچاوەى نانى هەزاران کەسیان خاپورکرد

بەنگین عەبدۆ بەڕێوەبەرى گشتیى فڕنەکانى عەفرین لەو بارەیەوە وتى "یەکێک لە ئامانجى بۆردومانەکانى سوپاى تورکیا، فڕنەکەى ڕاجۆ بوو. ئەو فڕنە نانی هەموو ناوچەکەى دابین دەکرد، بەڵام سوتێنرا. لەبەر ئەوەش هەزاران کەس بێ نان بوون. یەکێکى تر لەو فڕنانە  بووە ئامانجى بۆردومانەکان، فڕنى جندرێس بوو و فڕنەکەش بە هۆى هێرشەکەوە بە تەواوەتى خاپوور بووە. ئەو فڕنەش نانى هەموو ئەو ناوچەیە دابین دەکرد. هەروەها فڕنانەکانى بلبلێ کرانە ئامانجى هێرش و بۆردومانەکان و بینا و کەلوپەلەکانیان ڕووخێنران و تێکشکێنران. تەنانەت فڕنى گوندى کۆتانا و فڕنى گوندى جەلەماى ناوچەى شێراوا بۆردومان کران و زیانێکى زۆر بە فڕنەکانیان و خاوەن فڕنەکان گەیشتووە."

بۆ ئەوەى وەڵامدەر بن دەبێت گەل شەو و ڕۆژ بەردەوام بێت لە کار

بەنگین عەبدۆ ئەوەشى وت، بەهۆى بۆردومانەکانەوە ناتوانن بچنە ئەو شوێنانەى کە فڕنەکانى لێیە و کاولکارییەکان تۆمار بکەن و وتیشى "بە گشتى ٢١ فڕن بەهۆى بۆردومان و تۆپبارانەکانەوە لەکار کەوتوون و ئیتر کاریان پێناکرێت. ١٩ فڕنیش بەردەوامن لەکارکردن. ٣ فڕنیان لەناچەى شەهبایە، بەڵام فڕنەکەى گوندى بادینا لە ناوچەى ماباتا بەهۆى بۆردومانە قورسەکانەوە ناتوانێت کار بکات. بۆ ئەوەى قورسى کار لەسەر فڕنەکەى گوندی دێر جەمال لە کانتۆى شەهبا کەم بکرێتەوە، فڕنەکەى گوندى زیارەتێ خراوەتە کار. هاوکات ئەو فڕنانەى کە نانى تایبەت دروست دەکەن دەستیشیان کردووە بە دروستکردنى نانى ئاسایى. نرخی نانیش لە هەموو شوێنەکان کراوە بە یەک نرخ. ئەو فڕنانەش کە ئێستا لە کاردان، شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەى نانى پێویست بۆ هاووڵاتیان و گەل دابین بکەن.

١٩فڕن لە ژێر بۆردوماندا خزمەت دەکەن

بەشێک لەو فڕنانەى بەهۆى بۆردومانەکانەوە خراپبوون و لەکارکەوتوون بریتین لە: فڕنى مەیدانەکبەز و مەیدانا، فڕنى ناوچەى ڕاجۆ، فڕنى قەستەڵ لە ناوچەى شەرا، فڕنى کۆتانا لە ناوچەى بلبلێ، فڕنى دێرسڤان لە ناوچەى شەرا، فڕنى کوردا لە ناوچەى مابەتا، فڕنى وەلید لە ناوچەى جندرێس، فڕنى سەنار لە ناوچەى شییە، فڕنى کۆتا لەناوچەى بلبلێ.

بەشێک لەو فڕنانەى لە عەفرین و ناوچەکانى دەرووبەرى کە لە ژێر بۆردومان و تۆپباراندا کاردەکەن و هەوڵ دەدەن پێداویستى گەل دابین بکەن بریتین لە: فڕنى ئۆتۆماتیکى ناوەندى عەفرین، فڕنى گوندى ماراتە، فڕنى هامادە، فڕنى جودی، فڕنى نەورۆز لە ناوچەى شەرا و فڕنى کەفەرسەفەر لە جندرێس.

 

ر.م