لە هێرشی سوپای تورکیادا ١٠کەس لە هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا کوژران

سوپای تورکیا لە هێرشەکانی خۆیدا بۆسەر عەفرین، لە نزیک گوندی، گۆرا-ی سەر با ناوچەی ڕاجۆ، یەکینەیەکی سەر بە سوپای سووریایان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٠کەس لەو یەکینەیە گیانیان لەدەست دا.

فەرمانداریەتیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، دەربارەی ئەو هێرشە زانیاری دا و ڕایگەیاند؛ ''سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر دەستی هیزەکانی یەپەگە/یەپەژە، گورزی قورسیان لێدەدرێ. هێزەکانی یەپەژە/یەپەگە، هەرە دوایی لە گوندی 'بلیکا' بە دەیان سەربازی هێزە تایبەتەکەی تورکیایان کوشت و بریندار کرد. شەڕڤانانی ئێمە لە هێرشی سەر گوندەکەدا هێلیکۆپتەرێکیشیان خستە خوارەوە.

سوپای تورکیای داگیرکەر، لەدوای ئەو گورزە قورسەی لێی‌وەشێنرا، بە دژواری ناوچەکانی 'شەرا و شیێ، هەرێمەکانی ڕاجۆ و جندرێس'ی بۆمباران کرد. سوپای تورکیای داگیرکەر، لەو هێرشەدا خالی کۆنتڕۆڵی یەکینەکانی سەر بە سوپای سووریایان لە گوندی 'کەفەرسەفرێ'ی جندرێس و گوندی 'چەما'ی شەرا، کردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ١٠کەس لە ئەندامانی یەکینە گەلەرییەکانی سەر بە سوپای سووریا کوژران و ٦ی دیکەش بریندار بوون.

ئێمە وەکوو شەڕڤانانی یەپەگە لە عەفرین، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی فەرمانداریەتی ئەو یەکینە گەلەرییە و بنەمالەکانیان دەکەین وهیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

یەپەگە، لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بەڵێنی خۆی نوێ دەکاتەوە ودەڵێ: لەدژی داگیرکەریی سوپای تورکیا، ئێمە بەڵێنی بەردەوام کردنی تێکۆشان و بەرخۆدان دەدەینە گەلەکەمان.