لە پاریس فڕانسوا ئۆلاند و نوێنەری ڕۆژئاوا کۆبوونەوە

لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان، لە فەڕەنسا، دکتۆر خالد عیسا، لە سەر ڕەوشی عەفرین کۆبوونەوە.


ئەمشەو لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لە چوارچێوەی هەوڵە دبلۆماسیەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین،  فڕانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و نوێنەری  ڕۆژئاوای کوردستان لە فەڕەنسا، دکتۆر خالد عیسا، چاویان بەیەک کەوت و لە سەر ڕەوشی عەفرین و هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکە کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕیان کردوە.

لە کۆبوونەوە و دیدارەکەدا، کە لە نوسینگەی ئۆلاند لە پاریس بەڕێوەچووە، سەرۆک کۆماری پێشووی فەڕەنسا ڕایگەیاندوە: لە نزیکەوە ئاگادار و چاودێری دۆخی عەفرینە و لە ئێستا هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە عەفرین و ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکە.

فڕانسوا ئۆلاند، جەختیشی کردوەتەوە: هەمووان باش دەزانن، ئەو هێزەی (هێزەکانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان)، کە شەڕی داعشی کرد و بووە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕەقا، ئێستە بووەتە ئامانجی هێرشی تورکیا. لە ماوەی سەرۆکایەتیمدا، لە ئێراق و سوریا لەگەڵ کورد لە دژی تەرۆر هاوکاری یەکدی بووین. بۆیە زۆر گرنگە ناوچەی دژە فڕین لە عەفرین بسەپێندرێت.

دکتۆر خالد عیساش، نوێنەری بەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان لە فەڕەنسا، ڕایگەیاندوە: پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، یەکەمین پایتەخت بوو، کە بۆ کۆکردنەوەی هێز و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کۆبانێ وەخۆکەوت. بۆیە ئێستاش بۆ عەفرین خوازیاری هەمان هەڵوێستین لە پاریس و حکومەتی فەڕەنسا.

دکتور خالد، بە پێویستی زانی وێڕای فەڕەنسا، لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش بۆ عەفرین وەخۆکەون و خێرا هێرشە داگیرکارانەی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕاگرن.

جێگای ئاماژەیە، فڕانسوا ئۆلاند، وێڕای ئەوەی سەرۆک کۆماری پێشویی فەڕەنسایە، کەسایەتییەکی دیاری فەڕەنسا و جیهانە و کاریگەردانەرە لە سەر سیاسەتی فەڕەنسا و هاوپەیمانەکانی. هاوکات ئۆلاند، بە مامۆستای سیاسی و ڕۆحی سەرۆک کۆماری ئێستای فەڕەنسا، ئۆمانوئیل ماکرۆن دەناسرێت.

ئەو کاتیش کە ئۆلاند سەرۆکی وڵات بوو، لە کۆشکی ئیلیزێی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، بەجیا چاوی بە ساڵح موسلم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، نەسرین عەبدوللە، وتەبێژی یەپەژە و دکتۆر خالد عیسا، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە پارس کەوتبوو. لە سەروبەندی شەڕی داعشیشدا سەردانی هەولێری باشوری کوردستانی کرد بوو.

.هـ