مەسەدە: پێویستە تیمێکی چاودێری نێودەوڵەتی سەردانی هەرێمەکە بکات

مەسەدە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک ئاگربەستەکەی پێشێل کردووە و داوای کرد چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمەکە بنێرن.

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە – MSD) لەبارەی پێشێلکردنی ئاگربەستەوە لە لایەن تورکیاوە ڕایگەیاند، ئەنقەرە ئاگربەستەکە پێشێل دەکات.

ڕاگەیەندراوەکەی مەسەدە بەم شێوەیەیە:

لە سەر داوا و پەسەندکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و بە نێوەندگیری ئەمریکا دوێنێ شەو لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و دەوڵەتی تورکدا بە درێژایی نێوان عەین عیسا و سەرێکانی ئاگربەست ڕاگەیەندرا. شەرڤانانی هەسەدە دوێنێ شەو کاتژمێر ٢٢:٠٠ بە پێی ئاگربەستەکە جووڵانەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک و چەکدارەکانی بە پێی ئاگربەستەکە نەجووڵانەوە و گوندی ئۆم ئەلخێری باشوور و ڕۆژهەڵاتی سەرێکانیان تۆپباران کرد. لە ئەنجامدا ٥ شەرڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی شەهید بوون. هەروەها تۆپبارانەکان بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم ڕزگارکردنی خەڵکی مەدەنی و برینداران.

ئێمە وەک ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک ڕای جیهان ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی پاراستنی ژیانی گەلەکەمان و ڕێگریکردن لە ئاوارەیی و لە سەر بناغەی یەکێتی خاکی سوریا ئاگربەستمان پەسەند کرد.

بەڵام ئەنقەرە و سوپاکەی لەگەڵ هەزاران چەتە، ئاگربەستەکەیان پێشێل کرد دەستیان بە هێرشەکانیان کرد وەک ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک نەبێت. بەو هۆیەوە بانگەوازیمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و ئەمریکا ئەوەیە، بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن و بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەرێمەکە بنێرن. هەروەها هەوڵی ئاگربەستی یەکجاری بدەن و هەوڵی چوونەدەرەوەی سوپای تورکیا بدرێت. سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدەن. ڕێکخراوی لێبۆردنی نێودەوڵەتیش تەئکیدی لە سەر کۆمەڵکوژیەکان کردەوە. ئێمە سوپای هەموو کەسایەتی و هێزەکانی جیهان دەکەین کە لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا پشتگیریمان دەکەن. هیوادارین پشتگیریەکان بەردەوام بن بۆ ئەوەی ڕژێمی شەڕی تورک نەگاتە ئامانجی خۆی.

هەروەها ڕادەگەیەنین، بە زودترین کات قەیرانی سوریا کۆتایی پێبهێنرێت. بە سپۆنسەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبکرێت بە دیالۆگی سوریای ڕاستەقینە بە پێی هێڵی چارەسەری سیاسی و بڕیاری نێودەوڵەتی.

ف.ق