وتەبیژى یەپەگە: ئەردۆغان بە فدیەى دونیاى ڕۆژئاوا هێرشەکانى ئەنجام دەدات

وتەبێژى یەپەگە ڕایگەیاند، سوڵتانى تیرۆر، ئەردۆغان لە رێگەى ئەڵمانیاوە جزیە و فدیە لە دونیاى مەسیحى وەردەگرێت و بەوەش هێرش دەکات و هێز بڵاودەکاتەوە. جیهانى ڕۆژئاواش قەڵس و لاوازە و پێگە و هەڵوێستى نییە، بۆیە تەنها بۆ بەرەژەوەندیى خۆى سوود لەو دۆخە وەردەگرێ

 

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە لەبارەى داگیرکردن و کوشتارى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین بۆ (ANF) دوا و وتى، سوڵتان ئەردۆغان و داعشە هاوپەیمانەکانى، بەرەى نوسرە و قاعیدە لەبەر ئەوەى نەیتوانى ئەنجامێک بەدەست بهێنن، بە فڕۆکە، کۆپتەر، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و تانکى ئەڵمانى هێرشیان کردە سەر هاووڵاتیان. بەهۆى ئەو هێرشانەوە، هاووڵاتیانیان ناچارکرد لە گوندەکانەوە کۆچ بکەن بۆ ناوەندی عەفرین.

نوری مەحمود وتیشى، هێزەکانیان هەموو رۆژێک لە دژى ئەو هێزە تیرۆریستییانە چالاکیى سەرکەوتوانە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەم دواییەدا ئەوە بینرا، کە هێزى داگیرکەر ئامادەکارى دەکات بۆ کۆمەڵکوژکردن و بە تۆپ و فڕۆکە بە بەردەوامى هێرشى دەکردە سەر ناوەندى شارەکە.

وتەبێژى یەپەگە باسى ئەوەشیکرد، لەبەر ئەو هێرشانە، ژمارەیەکی زۆر لە ژن، منداڵ و ئەو ئاوارانەى هاتبوون لە عەفرین ئارامییان گرتبوو، شەهیدبوون. خانووەکانیان خاپوورکرا، فڕن و وێستگەکەکانى ئاویان تێکشکاند. دواجاریش نەخۆشخانەى ئاڤرینیان بۆردومانکرد.

نورى مەحمود ئەوەشى راگەیاند، کاتێک ئەو دۆخە ڕوویدا، بەڕێوەبەریى سیاسى و سەربازیى عەفرین لەسەر بڕیارى گەلى عەفرین، هاووڵاتیانیان لەو شارە ڕەوانەى دەرەوەکرد. لە دواى ئەوە ئیتر قۆناغێک بە تاکتیکى گەریلایى لە دژى هێزە داگیرکەرەکان دەستیپێکرد.

راشیگەیاند "شەڕی ئێمە ئێستاش لە عەفرین بەردەوامە. عەفرین هەرگیز بۆ داگیرکەران نابێتە شوێنێکى ئارام. تاوەکو ڕزگارکردنى عەفرین درێژە بە تێکۆشانەکەمان دەدەین".

لەبارەى ڕۆڵى ڕووسیا لە هێرش و کۆمەڵکوژی و داگیرکارکردنی عەفرین دا، وتى "هاتنى سوپاى تورک و گروپە تیرۆریستییەکان بۆ عەفرین، بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجامدرا. لە بەرامبەر غوتەدا سەودایان بە عەفرینەوە کرد.هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسیەکان لەسەر غازى سروشتی و پەیماننامەى گومرکی، ڕێککەوتنیان کرد. سنوورى ئاسمانی بۆ تورکەکان کرایەوە. دەوڵەتى تورکیش بە پێشکەوتوترین چەکى ناتۆ، کە چەکى کیمیایشیان تێدایە، هێرشەکەى ئەنجامدا".

نوری مەحمود سەرنجى خستە سەر ئامانجى دەوڵەتى تورک بە سەرۆکایەتیى ئەردۆغان و ڕایگەیاند، ئەردۆغان دەیەوێت بە شێوازى مەغۆلەکان، لە سوریا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى زاڵ و باڵادەست بکات.

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى، دەوڵەتى تورک پێگەى ستراتیژیکى جوگرافیى خۆى لە دژى هێزە نێودەوڵەتییەکان بەکار دەهێنێت و وتیشى "چەک و فڕۆکەکانى ناتۆ و تانکى ئەڵمانى بەکاردەهێنێت. لەم دواییانەدا بە ناوى پەنابەرانەوە و لە ڕێگەى ئەڵمانیاوە، جزیە و فدیەى لە جیهانى مەسیحى وەرگرت. بە ناردنى تیرۆریستەکان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. ئەڵمانیاش بۆ ئەوەى خۆى بپارێزرێت جزیە و فدیە دەدات. هەر چۆن داعش لە ڕەقە و موسڵ فدیەى لە مەسیحییەکان دەسەند، ئەردۆغانیش وەک داعش فدیە لە حکومەتەکەى مێرکل وەردەگرێت. بەو فدییەى کە بە هەڕەشەکردن لە جیهانى مەسیحیى وەردەگرێت، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. ئەو جوگرافیایە لە دەستى ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەیدایە، کە هێزێکى تیرۆریستییە. ئەردۆغان بەوەى هەیەتى ڕازى نابێت و زیاترى دەوێت. لەبەر ئەوەش بووەتە بەڵا بەسەر گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە. ئەوەش پریشکى بەر جیهان دەکەوێت. بە داخەوە هەموو دەوڵەت و حکومەتەکان لە بەرامبەر تیرۆریزمى ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەیدا بێدەنگن. هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت جوگرافیاى ستراتیژیکى تورکیا بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆیان بەکاربهێنن و سەرمایەى خۆیان بەپێى ئەوە  دەخەنە کارەوە. سیاسەتى دونیاى ڕۆژئاوا، دەوڵەتانى ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە خزمەتى ئەردۆغانى سوڵتانى تیرۆردایە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەریدا قەڵس و لاواز و بێدەنگن".

نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە ئەوەى خستەڕوو، کە دەبێت کورد و گەلانى باکوورى سوریا و هەموو هێزە ئازادیخواز و دیموکراسیخوازەکان لە جیهاندا بە باشى لەوە تێبگەن، کە بە تێکۆشانى ئەمان لە باکووری سوریا، جیهان لە تیرۆریزم دەپارێزن و وتى "سوڵتانى تورک، دامەزرێنەرى تیرۆرە. بۆ ئەوەی دیموکراسی، ئازادى و لێکتێگەیشتن و پەیمانی کۆمەلایەتى نەهێڵێت، هێرشى کردە سەر عەفرین و داگیریکرد. کۆمەلگەى نێودەوڵەتی و دەوڵەتەکان لەو ڕێککەوتنەى تورکیا و گروپە تیرۆریستییەکان بێدەنگن. دەبێت کۆمەڵگا بە سروشتى بەرپرسیارێتیى خۆى، لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکات و لە بەرامبەر ئەو ڕاستییەدا، خۆیان بە ڕێکخستن بکەن. ئێمە دەڵێین "خۆتان بە ڕێکخستن بکەن و ژیانى ئازاد بپارێزن" ئێمەش وەک یەپەگە تا دوا هەناسە کۆمەڵگا دەپارێزین".

ر.م