٣٠ حیزب و لایەنى رۆژئاوا: دەستوورێکى بنەڕەتى ئێمەی تیادا نەبین قبوڵی ناکەین

٣٠ حیزب و رێکخستنی سیاسیى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەربارەی 'کۆمیتەى دەستووری بنەڕەتیى سوریا' لە راگەیاندراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند "دەستوورێکی بنەڕەتى ئێمەى تیادا نەبێت قبوڵی ناکەین".

ئەنتۆنیۆ گۆتێرەس سکرتێری گشتیى رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 'کۆمیتەى نووسینەوەى دەستووری بنەڕەتیى سوریا دامەزراوە'. ٣٠ حیزب و لایەنی باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: ئێمە لە نووسینەوەى دەستوورێکى بنەڕەتیدا بەشدار نەبین ئەو دەستوورە قبوڵ ناکەین.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"ئەنتۆنیۆ گوتێرەس سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لەمدوایانەدا رایگەیاند، لایەنەکانى سوریا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی کۆمیتەیەک بۆ نووسینەوەى دەستووری سوریا. ئەنتۆنیۆ گۆتێرەس ئەو رێککەوتنەى بە هەنگاوێکى بنەڕەتی لە پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەرەکردنى کێشەکانى سوریا لێکدایەوە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرەس لە گۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان وتی (ئێستا رێککەوتنێک لە نێوان هەموو لایەنەکان لەسەر دروستکردنى کۆمیتەکە هەیە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا جێر پیردرسۆن دوایین ئاماری لایەنەکان پەیوەست بە پسپۆڕییەکانیان دیاری دەکات و ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەوە زوو بە زوو رووبدات).

ئەو قسانە دواى ئەوە دێت، کە تورکیا، رووسیا و ئێران لە لوتکەى سێقۆڵی لە رۆژی دووشەممەى رابردوو لە ئەنقەرە بڕیاریاندا کۆمیتەى نووسینەوەى دەستوور لە زووترین کاتدا دەست بەکارەکانى بکات. ئەوە نیشانی دەدات ئەو لایەنانەى رێککەوتون و بەو ئەنجامە گەیشتون لایەنى سوری نین، بەڵکو لایەنى تورک و روس و ئێرانین. ئەوانەش هەوڵ دەدەن چارەسەرییەکى سیاسی بەپێى بەرژەوەندیى خۆیان لە سوریا رووبدات، نەک لەسەر بنەمای ئامانج و داخوازی گەلی سوریا.

لایەنێکى سەرەکی لە سوریا هەیە، کە بۆ سەرتاسەری سوریا گرنگە. هەروەها گرنگتریش ئەوەیە، کە دەبێت لە چارەسەریى قەیرانەکان و لە نووسینەوەى دەستووردا بۆ داهاتوو، دیموکراسیەتى گشتی و نوێنەرایەتیى هەموو پێکهاتەکان و گەلان هەبێت. ئەو لایەنەش هێزە سیاسییە دیموکراتیکەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریان بە نوێنەرایەتیى بەڕێوەبەریى خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە - MSD)، بەڵام ئەو لایەنە لە بەشداریکردن بۆ رێکخستنەوە و نووسینەوەى دەستووری سوریا دوورخراوەتەوە. ئەوە مسۆگەرە، ئەو کۆمیتەیەى بۆ نووسینەوەى دەستوور دروستکراوە، نوێنەرایەتیى هەموو لایەنەکانى سوریا ناکات. تەنها نوێنەرایەتیى هەندێک لایەن دەکات، کە لەسەر هێڵی دەوڵەتەکانى ئاستانەوە دیاریکراون. ئەوەش بەپێى بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ چارەسەریی سیاسی و بەپێى بڕیاری ٢٢٥٤ نایاساییە. لەبەر ئەوەش ئەنجامی ئەو کۆمیتەیە خراپ دەبێت و دەبێتە هۆی زیاتر قوڵبوونەوەى قەیرانەکان و گرێکوێرەکان زیاتر دەکات.

ئێمە، هێز و رێکخستنە سیاسییەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە کاتێکدا جەخت لەسەر گرنگیی چارەسەریى سیاسی بۆ قەیرانى سوریا دەکەینەوە، دیسانەوە رایدەگەیەنین بەبێ دیالۆگی چالاکانە و جدیى سوری – سوری بە ئامانجی بەشداریی هەموو لایەنەکانى سوریا چارەسەری بەدی نایەت. بە بەشداریى ئەو هێزانە سوریا دەبێتە بەردەبازێک و یاریگەیەک بۆ بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە بەرژەوەندیى گەلی سوریای تیادا پشتگوێ دەخرێت. ئەو دەستوورە بە کەمی و لاوازانە و بە دوور لە هیوای گەلی سوریا و هەموو پێکهاتەکان و خەونەکانیان بۆ ئازادی  و گۆڕانکاری دەبێت. ئەگەر دەستوورێک لە ئەنجامی کاری ئەو کۆمیتەیەوە بنووسرێت، دانی پیادا نانێین، چونکە نوێنەرایەتیى هەموو سوریا ناکات. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە پێویستە نوێنەرایەتیى ئێمە لە دانوستانەکانى سوریا و هەموو کۆمیتەکانى پەیوەندارەکاندا هەبێت".

ناوی حیزب و لایەنەکانی ئەو راگەیاندراوە هاوبەشە بریتین لە:

١ – پارتی یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە)

٢ – پارتی ئاشتی و دیموکراتیکی کوردستان

٣ – پارتی لیبراڵی کوردستان

٤ – پارتی کۆمۆنیستی کوردستان

٥ – پارتی دیموکراتیکی کوردستان – سوریا

٦ – کۆبوونەوەى نیشتمانیى کوردستان

٧ – پارتی گۆڕانکاری و دیموکراتیکی کوردستان

٨ – پارتی نۆژەنی کوردستان

٩ – پاتری ڕەنجدەرانى کوردستان

١٠ – پارتی سەوزی کوردستان

١١ – پارتی دیموکراتیکى کوردی سوریا

١٢ – پارتی چەپی دیموکراتیکى کورد لە سوریا

١٣ – پارتی رێککەوتنی دیموکراتیکی کورد لە سوریا

١٤ – پارتی چەپی کورد لە سوریا

١٥ – پارتی یەکێتیى دیموکراتیکی کورد لە سوریا (یەکێتی)

١٦ – بزووتنەوەى ریفۆرم – سوریا (ئیسلاح)

١٧ – پارتی دیموکراتیکى کورد لە سوریا (ئەل پارتی)

١٨ – پارتی یەکێتیی سوریان

١٩ – دەستەی نیشتمانیى عەرەبی

٢٠ – پارتی برایەتیى کوردستان

٢١ – بزووتنەوەى گۆڕانکاری و دیموکراتیک (هەیئەتى تەنسیق)

٢٢ – پارتی رۆژی دیموکراتیکی کورد لە سوریا

٢٣ – پارتی نۆژەن و دیموکراتیکی سوریا

٢٤ – یەکێتیى نیشتمانیى ئازاد – رۆژئاوا

٢٥ – شەپۆلی پێشەڕۆژی کوردستان

٢٦ – بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم)

٢٧ – کۆنگرەى ستار

٢٨ – پارتی موحافزکاری دیموکراتیک

٢٩ – پارتی ئاسووریی دیموکراتیک

٣٠ – پارتی پێشەڕۆژی سوریا

ژ.ت