ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی پارتییه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل له عه‌فرین و شه‌هبا، ده‌رباره‌ی پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانی له دژی هاوڵاتییانی سیڤیلی عه‌فرین و شه‌هبا ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه.
له ڕاگهیهندراوهكهدا ئاماژه بۆ پێشێلكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانی له دژی دانیشتوانی كانتۆنی عه‌فرین و گونده‌كانی شه‌هبا و ناوچه داگیركراوه‌كانی وه‌ك جه‌رابلووس، باب و عه‌زاز كراوه. هه‌روه‌ها سه‌رنج خراوه‌ته سه‌ر سیاسه‌تی گۆڕینی دیمۆگرافی و سیاسه‌تی به‌تورككردن. ئه‌و لایه‌نانه‌ی عه‌فرین ئاماژه‌یان به هه‌موو جۆره پێشێلكارییه‌كانی داگیركه‌ر له به‌رانبه‌ر ژنان، منداڵان و به‌ساڵاچوان كردووه و باسیشیان له تاڵانكردنی موڵكی تایبه‌تی و گشتی هه‌روه‌ها بڕینی داره زه‌یتوونه‌كان كردووه.
پارتی و ڕێكخراوه‌كانی عه‌فرین له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یاندا سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر، داوایان له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كردووه كه ده‌ست له بارودۆخه‌كه وه‌ربده‌ن و ئه‌و پێشێلكارییانه بوه‌ستێنن.
هه‌روه‌ها ئه‌و لایه‌نانه داوا له هێزه چالاكه‌كانی هه‌رێمه‌كه ده‌كه‌ن فشار بخه‌نه سه‌ر توركیا بۆ ئه‌وه‌ی داگیركاریی خۆی له‌سه‌ر خاكی سووریا بوه‌ستێنێت.
له درێژه‌ی ڕاگهیهندراوهكهدا پارتییه سیاسییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل پشتگیریی خۆیان بۆ به‌رخۆدانی گه‌لی عه‌فرین پیشانداوه و داوا له گه‌لی سووریا ده‌كه‌ن كه له به‌رانبه‌ر داگیركاری، یه‌كڕیزیی خۆیان له ده‌وری به‌رخۆدانی گه‌ل به‌هێز بكه‌ن. هه‌روه‌ها داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن كه ئه‌ركی خۆیان بۆ له‌ناوبردنی تێرۆر له ئیدلیب جێبه‌جێ بكه‌ن.
له به‌شێكی ڕاگهیهندراوهكهدا ئاماژه بۆ گرینگی گفتوگۆكانی نێوان ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده) و حكوومه‌تی سووریا كراوه و هه‌نگاوه‌كانی مه‌سه‌ده بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاڵۆزیی سووریا به ئه‌رێنی دانراوه.
ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ڕاگهیهندراوهكهیان بڵاوكردووه‌ته‌وه بریتین له:
ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده) - نووسینگه‌كانی عه‌فرین و شه‌هبا
پارتیی ئایندهی سووریا - نووسینگه‌كانی عه‌فرین و شه‌هبا
پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتیی كورد له سووریا (یه‌كێتی)
پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتی (په‌یه‌ده)
پارتیی یه‌كێتیی دیموكراتیی كورد له سووریا
نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتییه‌كانی شه‌هبا
نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكرات (ته‌ڤده‌م) له عه‌فرین
یه‌كگرتنی نیشتیمانیی دیموكراتی له سووریا
s.m