پەرلەمانی بەلجیکا چاودێری دۆخی عهفرین دهكات
لەسەر بانگھێشتی فراكسیۆنی پارتیی دیموکراتیی مەسیحیی بەلجیکا، سەکۆی پاڵپشتی عەفرین له پەرلەمانی بەلجیکا لهگهڵ پهرلهمانتارانی ئهو وهڵاته کۆبوویەوە.
لەسەر بانگھێشتی فراكسیۆنی پارتیی دیموکراتیی مەسیحیی بەلجیکا، سەکۆی پاڵپشتی عەفرین له پەرلەمانی بەلجیکا لهگهڵ پهرلهمانتارانی ئهو وهڵاته کۆبوویەوە.
بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون له بارودۆخی مرۆیی عەفرین و زانیاری وەرگرتن لەسەر کۆمەڵکوژکردنی ھاووڵاتیانی عەفرین لە لایەن تورکیاوە، پهرلهمانتارانی بهلجیكا لەگەڵ ئەندامانی سەکۆی پاڵپشتیی عەفرین کۆبوونهوه.
دڵشا عوسمان، نوێنەری پارتیی یەکێتیی دیموکراتی - پەیەدە، کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوو، بارودۆخی عەفرینی بۆ پەرلەمانتارانی بەلجیکا بەوردی شیکردەوە و ڕایگەیاند: عەفرین بەر لە ھێرشی سوپای تورکیا و چەتەکان لە ئاشتی و ئارامیدا بوو، گهلانی عهفرین پێكهوه بهبێ جیاوازی دەژیان. ژنانی عەفرین بەر لە ھاتنی تورکیا و چەتەکان ئازاد بوون، بهڵام دوای ھێرشە دڕندانەکانی تورکیا ئازادییان زەوت کرا.
دڵشا ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، پاش داگیرکردنی عەفرین، سەدان ھەزار ھاووڵاتی لە ترسی سوپای تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی، ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەری عەفرین بوون. ناوبراو داوای كرد ھەرچی زووە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ھاوکاری بەپەلەی ئەو ئاوارانە بکرێت.
«سەدان ھاووڵاتیی سڤیل کۆمەڵکوژ کراون»
لە وەڵامی یەکێک لە پەرلەمانتاراندا دهربارهی ژمارەی ئهو هاووڵاتییهسیڤیلانهی شههید بوون، دڵشا عوسمان، نوێنهری پهیهده ڕایگەیاند: بەھۆی ئەوەی سوپای تورکیای داگیرکەر سەرجەم ھۆکارەکانی پەیوەندیکردنی پەکخستووە، ناتوانم ژمارەیەکی تەواو و دروستی شەھیدانتان پێبدەم، بەڵام بەپێی ئاماری سەرچاوە جیاوازەکان، نزیکەی ٤٥٠ ھاووڵاتیی سیڤیلی عەفرین لە ئهنجامی ھێرشەکانی سوپای تورکیا و ھاوپەیمانەکانیدا شەھید بوون. جگە لەوەی ئەم سوپایە و بەکرێگیراوەکانی لە ھەرکوێ بووبن ماڵ و حاڵی ھاووڵاتییانیان تاڵان و كاول كردووه.
لە وەڵامی پرسیاری پهرلهمانتارێكدا دهربارهی ئهوهی تا کەی ئەردۆغان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ھێرشە داگیرکارییەکان، نوێنهری پهیهده وتی: گەلی ئێمە بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان، بەڵام ھەڵوێستی ئەمهریکا، ڕووسیا و ئەورووپا گرنگە، کوا ھەڵوێستی ئێوە؟
پەرلەمانتارانی بەلجیکا: بەوردی چاودێری بارودۆخی عەفرین دەکەین
پەرلەمانتارانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند، بەوردی چاودێری بارودۆخی مرۆیی و سیاسی عەفرین دەکەن. وتیشیان ئهگەر پێویست بکات، وەفدێکی نوێ دەنێرنه ئەوێ، وەک چۆن پێشتر بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی عەفرین، وەفدیان ناردووهته ناوچەکە.
دواتریش ئەندامانی سەکۆی پاڵپشتیی عەفرین، چەندین بەڵگەنامەیان لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی سوپای تورکیا له عهفرین ڕادەستی پەرلەمانتارانی بهلجیكا کرد.
s.m