چەتەکانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر چادرگەی خێزانە داعشەکان

سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، هێرش دەکەنە سەر چادرگەی عەین عیسا لە گوندەکانی گرێ سپی کە ئاوارە و بنەماڵەی داعشەکانی تێدایە، ئەوەش لە چوارچێوەی یارمەتیدانی خێزانەکانی داعشە بۆ هەڵهاتنیان.

سوپای داگیرکەری تورک بەردەوامە لە چڕکردنەوەی هێرشەکەی بۆ سەر زیندانی و چادرگەکانی چەتەکانی داعش و بنەماڵەکانیان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشەکەیان لەسەر چادرگەی عەین عیسا چڕ کردوەتەوە کە زۆربەیان خێزانی داعشە دەستگیرکراوەکانن.

پەیامنێری ئاژانسی هاوار لە گرێ سپی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە هێرشەکە لەلایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە تێکشکێندراوە، بەڵام چەتەکانی تورکیا هێشتا شەش کیلۆمەتر نزیکن لە چادرگەکە، هاوکات ئەوەشی راگەیاندووە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکرات دەستی کردووە بە گواستنەوەی ئەو بنەماڵانە بۆ شوێنێکی ئارامتر.

پێشتریش سوپای داگیرکەری تورک، زیندانی جەرکینی تۆپباران کردوو کە دەکەوێتە گوندەکانی قامیشلۆ کە ترسناکترینەکانی داعشی تێدا زیندانی کراوە، هەروەها فرۆکە شەڕخوازەکانی داگیرکەر چادرگەی عەین عیساشیان بۆردومان کردبوو، ئەوەش بە مەبەستی یارمەتیدانی داعشەکانە بە هەڵهاتن لە زیندان و چادرگەکان.