ئێواره‌ی دوێنێ شاندێكی باكوری سووریا و ڕۆژئاوا له پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا له كۆشكی ئه‌لیزێ له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن-ی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌وه.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ANF، ڕێدوور خه‌لیل به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی - قه‌سه‌ده كه ئه‌ندامی شانده‌كه بووه، باس له ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ماكرۆن ده‌كات.
له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا باسی چیتان كرد؟
ئێمه وه‌ك شاندێكی سه‌ربازی و سیاسیی باكوری سووریا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا و كۆشكی ئه‌لیزێ بانگهێشت كرابووین. دوێنێ دیداره‌كه پێكهات. بێگومان دیدارێكی گرنگ بوو، ئه‌نجامه‌كه‌ی زۆر ئه‌رێنی بوو. باكوری سووریا به‌تایبه‌تیش عه‌فرین له بارودۆخێكی تایبه‌ت دایه. بابه‌ته‌كانی گفتوگۆی ئێمه‌ش ئه‌مه بوون. ئێمه زیاتر سه‌رنجمان خسته سه‌ر بارودۆخی عه‌فرین و به‌تایبه‌تی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی توركیا و چه‌ته‌كانی. ئامانجی ده‌وڵه‌تی توركیا له داگیركردنی عه‌فرین چییه؟ ئه‌و گرووپانه‌ی به ناوی سوپای ئازاد له‌گه‌ڵ خۆی هێناونی گوزارشت له چی ده‌كه‌ن؟ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین بگه‌ڕێته‌وه دۆخی پێشوو، گه‌لی ئێمه‌ی عه‌فرین دڵنیاییه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بگه‌ڕێته‌وه واری خۆی. یه‌كێك له بابه‌ته‌كانی گفتوگۆمان ئه‌وه بوو، هه‌روه‌ها هاریكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی له عه‌فرین ئاواره بوون.
به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ڵێنی چی‌یان به ئێوه دا؟
بۆ عه‌فرین ئه‌مه گوترا؛ هه‌تا كۆتایی هاوكاری ده‌كه‌ن. وه‌ك فه‌ڕه‌نسا، وه‌ك هێزێكی دیار له‌نێو هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی و وه‌ك وه‌ڵاتێكی كاریگه‌ر له ئه‌ورووپا له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه هاریكار ده‌بن. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشان كرا كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكوری سووریا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سووریا ببێته نموونه. هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ پاراستنیشی كرا، به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات. له منبج بگره تا قامیشلۆ، عاموودێ، دێرك، سنووری عێراق. ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی قه‌سه‌ده دایه، هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرێت. له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه گفتوگۆ كران؛ هه‌ڵوێستی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی ئه‌وان به گشتی و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی كه ببێته پشتگیرییه‌كی به‌رده‌وام بۆ ئه‌م هه‌رێمانه و پاراستنیان و دڵنیایی پێدانیان. هه‌روه‌ها له ڕووی سه‌ربازییه‌وه هاوكاری كردن بۆ ئه‌وه‌ی تێكۆشانی دژی داعش به‌ئه‌نجام بگات.
دیداره‌كه‌تان كاتژمێرێك به‌رده‌وام بوو. له لێدوانی فه‌رمی شانده‌كه زیاتر باس له هاریكاریی مرۆیی، پزیشكی و مسۆگه‌ری ئاسایشی عه‌فرین كرا بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه واری خۆیان. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا لێدوانێك له كۆشكی ئه‌لیزێ-وه بڵاوكرایه‌وه كه ڕاگه‌یه‌نرا ئه‌وان سه‌رباز ده‌نێرن بۆ منبج. ئه‌م دیداره كاریگه‌رییه‌كی چۆن له بواری سه‌ربازیدا ده‌كات؟
ڕاسته، له‌م بواره‌وه زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه باسیان كرد. ئێمه‌ش باسمان كرد. له ڕووی سه‌ربازییه‌وه پشتگیرییه‌كی به‌رده‌وام و بێ كۆتایی بۆ پاراستنی ئه‌و هه‌رێمانه ده‌كه‌ن، له منبج بگره هه‌تا هه‌رێمه‌كانی دیكه. ئه‌مه به مانای چی دێت؟ یه‌ك؛ ئه‌و بانگه‌شانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یكات «منبج داگیر ده‌كه‌ین، باكوری سووریا داگیر ده‌كه‌ین»، ئه‌م بانگه‌شانه هه‌موو پووچن. ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌مه بۆ چاوترساندنی گه‌لی ئێمه به‌كاردێنێت. به‌ڵام ئێستا ڕوون بوویه‌وه كه ده‌وڵه‌تی توركیا ناتوانێت شتێكی وه‌ها بكات. ئه‌مه له قسه‌كانی به‌ڕێز ماكرۆندا زۆر ڕوون بوو. ئه‌مه به واتایه‌كی دیكه‌ش دێت كه ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ی ئه‌مڕۆ له باكوری سووریا دامه‌زرێنراوه، به‌ره‌و ستاتۆیه‌كی فه‌رمی ده‌چێت. بێگومان ئه‌مه گۆڕانكارییه‌كه بۆ باكوری سووریا. دوای ٦ ساڵ شه‌ڕ و تێكۆشان له به‌رانبه‌ر ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش و هه‌موو ڕێكخراوهتێرۆریستییهكانی دیكه، ئه‌مڕۆ گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه له ڕووی فه‌رمییه‌وه هه‌ندێك قازانجی نێونه‌ته‌وه‌یی بكات. بۆیه ئه‌م دیداره هه‌م له كاتێكی هه‌ستیاردا كرا، هه‌میش ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی هه‌بوو.
ئه‌م پشتگیرییه ڕاشكاوانهیهی فه‌ڕه‌نسا، كاریگه‌رییه‌كی چۆن له‌سه‌ر هێزه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا ده‌كات؟
من پێم وایه ئه‌وان ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تی ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌س به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵسێت. واته ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه ئێمه ڕزگارمان كردوون، له سه‌ره‌تاوه وه‌ك هێزه‌كانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و دواتریش وه‌ك قه‌سه‌ده به هاریكاریی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی، كراوه. ئه‌مڕۆ كاتی هاتووه كه هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی خاوه‌نداری له هه‌رێمه‌كه بكات. به‌ر له هه‌ر شتێك ئه‌مه ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیی ئه‌وانه. من پێم وایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕووسیا ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی زێده‌ڕۆیی نه‌كات. چونكه له‌م دواییانه‌دا ڕووسیا زیاده‌ڕۆیی كرد، به‌تایبه‌تی له عه‌فرین ڕێگه‌ی دا كه ده‌وڵه‌تی توركیا بێته عه‌فرین. ڕێككه‌وتن له به‌رانبه‌ر چه‌ند شارێكی دیكه‌ی وه‌ك غووته. ئه‌مه سنوورێك بۆ سیاسه‌تی ڕووسیا، ڕژێم و ئێران داده‌نێت. هه‌روه‌ها نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا، هه‌موو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ونه ژێر به‌رپرسیاره‌تییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان له لای خۆیه‌وه هاریكاری و پشتگیریی باكوری سووریا بكه‌ن.
شاندهكهتان له هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا پێكدێت. مرۆڤ ده‌توانێ بڵێت كه فه‌ڕه‌نسا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێشوازی له شاندی فیدراسیۆنی باكوری سووریا كردووه؟
بێگومان به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی پێشوازی له شانده‌كه كرا. ئه‌وان خۆیان وتیان كه كێشه‌كانی ئێستای سووریا ته‌نها له ڕێی پڕۆژه و ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ی كه له باكوری سووریا بونیاد نراوه، چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. پێشوازی كردن له شاندی هه‌موو پێكهاته‌كان، هه‌م سیاسی و هه‌م سه‌ربازی، به‌و مانایه دێت كه حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا ئاماده‌یه و ڕاشكاوه كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه دانوستان ده‌كات.
به‌م دیداره چ په‌یامێك درا به توركیا؟
به تێڕوانینی من، ئه‌مه وه‌ڵامێكی گه‌وره بوو بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا كه بیانوو دێنێته‌وه و ده‌ڵێت: «له دژی تێرۆر، سنووره‌كانم ده‌پارێزم». ئه‌م بانگه‌شانه‌یان پووچه‌ڵ بوونه‌وه. لێره بزووتنه‌وه‌یه‌ك، خۆبهڕێوهبهرایهتییهك له پێكهاته‌كانی هه‌رێمه‌كه هه‌یه. له دژی تێرۆر شه‌ڕیان كردووه. ده‌وڵه‌تی توركیا پێویسته له‌مه‌ودوا سنووری خۆی بزانێت. زیاده‌ڕۆیی كرد، ده‌بێ به‌س بێت.
ئێوه به‌رخۆدانی سه‌رتاسه‌ری باكوری سووریا، كاری دیبلۆماسی و چالاكییه‌كانی كوردستانیان له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
سووریا ٧ ساڵه به بارودۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت. زۆر ده‌ستێوه‌ردان كران هه‌م له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمه‌كه‌وه و هه‌م له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی. بارودۆخێكی زۆر تراژیدی بۆ گه‌لانی سووریا سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و هه‌رێمانه‌ی له‌م ئاڵۆزییه پارێزران، ئه‌و هه‌رێمانه‌ن كه له‌ژێر كۆنترۆڵی قه‌سه‌ده و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكوری سووریادان. ئه‌مه ده‌ریده‌خات كه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له سه‌ره‌تاوه په‌یڕه‌و كرا، سیاسه‌تی هه‌ره سه‌ركه‌وتوو بوو. كاتێك مرۆڤ ئه‌مڕۆ سه‌رنج بداته سووریا، ده‌بینێت كه زیاتر له نیوه‌ی وێران بووه، نیوه‌ی گه‌له‌كه‌ی ئاواره بووه. به‌ڵام ئه‌و هه‌رێمانه‌ی خۆیان پاراستووه، بوونه نموونه بۆ هه‌رێمه‌كانی دیكه. بێگومان ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان دروست نه‌بوو. یه‌ك؛ به به‌رخۆدان و تێكۆشانی زۆر گه‌وره له ڕووی سه‌ربازی كه بنه‌مای ئه‌م به‌رخۆدانه تێكۆشان و خاوه‌نداریكردنی گه‌له‌كه‌مان بوو. چ له ناوخۆ، چ له ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات به چالاكییه‌كانی خۆیان، به خۆپیشاندانه‌كانی خۆیان، به هه‌موو خه‌باته جۆراوجۆره‌كانیان، هه‌موو به‌رهه‌می تێكۆشانی گه‌لی ئێمه‌یه.
s.m