ژنانی عەفرین؛ لەدژی داگیرکاریی دەستیان داوەتە چەک

لە عەفرین لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعش و قاعیدە کە خەڵکی مەدەنی دەکوژن، ژنان سەردانی ناوەندەکانی هێزی پاراستنی جەوهەری ژن-هەپەجە ژن، دەکەن و خۆیان فێری بەکارهێنانی چەک دەکەن.

بەرخۆدانی گەلی عەفرین لەدژی سوپای تورکیا و چەتەکانی ئەردۆغان پێی ناوەتە ٤٣هەمین ڕۆژەوە. لەدژی ئەو داگیرکارییە، ژنان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا جێی خۆیان گرتووە. لەو ڕۆژەی کە شۆڕشی ڕۆژاوا درووست بووە و خۆپاراستن بۆتە بنەمایەک، هێزەکانی هەپەجە-ژن خۆیان بەڕێکخستن کردووە و لە هەموو مەیدانەکانی تێکۆشاندا جێی خۆیان دەگرن. لە هەر شوێنێکی عەفرین، لە گوند و لە شار، یانیش لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕ مرۆڤ چاوی دەکەوێت بەو هێزانە کە هەر لە ژنانی ١٨ساڵەوە هەتا ٧٠ ساڵە چەکیان هەڵگرتووە خەریکی پاراستنی ولاتەکەیانن. ئەو ژنانەی کە لەو ڕێکخستنەدا جێیان گرتووە دەڵێن کە هەر لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی سەر عەفرینەوە ژنان سەردانی ناوەندەکانیان دەکەن و ئێستا ئەندامەکانی ئەوان هەزارانی تێپەڕاندووە.

ئەردۆغان مەگەر لە خەودا عەفرین ببینێت

ئەندامانی هەپەجە-ژن کە لە چەپەرەکانی ناوچەی 'شەرا'دا جییان گرتووە، قسەیان بۆ ئاژانسی فرات کرد. 'فاتمە مستەفا، کە دایکی ٤منداڵ و لە هەمانکاتدا ئەندامی هەپەجە-ژنە وتی؛ لە دژی هێرشی داگیرکەران، ژنان بۆ ئەوەی کە بتوانن پاراستنی خۆیان بکەن، فێری بەکارهێنانی چەک بوون. فاتمە دەڵێ؛ ''بۆ ئەوەی کە ئێمە خۆمان، منداڵەکان و ماڵەکەمان بپارێزین، پێویستیمان بە فێربوونی بەکارهێنانی چەکه. ئێمە ژنانی ٤٠هەتا ٨٠ساڵەمان پەروەردە کرد. هێرشێکی زۆر دڕندانەمان لەسەرە. ئێمەش لەدژی ئەو هێرشانە و بۆ پاراستنی خۆمان دەستمان داوەتە چەک. لە حەڵەب و تل‌ڕەفعەت، ئێمە هەمیشە لەبەرەکاندا بووین. بەشەو و ڕۆژ پاراستنی خۆمان دەکەین و لە بەرخۆدانی داین".

پێویستە جیهان لەدژی ئەو دڕندەییە بێ‌هەڵوێست نەبێ

فاتمە مستەفا، لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێ؛ ''لە شەڕدا لە هەمووکەس زیاتر ژن و منداڵ زیانیان بەردەکەوێت. لە کۆبانێ، حەڵەب و شنگال لەهەموو کەس زیاتر دایک ئازاریان چەشت. هەربۆیەشە کە ژن بۆخۆیان دەیانەوێ فێری بەکارهێنانی چەک ببن. تورکیا بەشێوازیکی دڕندانە و بەهەموو جۆرە چەکێکی قورس هێرش دەکاتە سەر ئاژەڵ، منداڵ، بە ساڵاچوو و هەر شتێک. ئێمەش بە چەکەکانی دەستمان پاراستنی خۆمان دەکەین. جیا لەوانە ئێمە چەکی قورسمان نییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانی خۆمان. سەرکەوتن و سەرفەرازی بۆ ئێمەیە. ئەردۆغان عەفرین و دارەکانی عەفرین بە خەونیش نابینیت. داوای چی لە ئێمە دەکات؟ ئێمە هیچ کاتیک هێرشمان نەکردۆتە سەر ئەوان. فڕۆکە و تانک و تۆپیان هەیە، ئێمە ئەوانەمان نییە. گوندەکان بارەگای سەربازییان تێدا نییە، لەو گوندانە تەنها هاووڵاتیانی مەدەنی دەژین، بەڵام پەلاماریان دەدات. لە بەرانبەر بەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیادا هەموو دەوڵەتان بێدەنگن و ئەوە بۆ ئەوان شەرمەزارییەکی گەورەیە".

تەمەنی ٦٨ساڵە و دەیەوێ بچێتە بەرەکانی پێشەوە

مەولوودە عوسمان، کە کوڕێکی لە شەڕی داعشدا شەهیدبووه، بۆخۆشی لە هێزەکانی خۆپاراستندا جێی گرتووە. عوسمان سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی ٦٨ساڵە، فیری بەکارهێنانی چەک بووە و دەیەوێ بچێتە بەرەکانی پێشەوە. مەولوودە عوسمان دەڵێ؛ ''ئێمە سنوورەکانی خۆمان دەپارێزین. ئەوان سنوورەکانمان دەبەزێنن و لەگەڵ داعش پەلاماری ئێمە دەدەن. ئێمەی ژن-یش لەدژی ئەوە دەستمان داوەتە چەک و زێدی خۆمان دەپارێزین".

سەروا عەزیمە، کە لەدژی داگیرکەران چەکی کردۆتە شانی، دەڵێ؛ ''ئێمە پارێزگاری لە خاک و گوندەکانی خۆمان دەکەین. ئەردۆغان چی لە ئێمە دەوێت؟ هەتاکوو تەنها یەک کەسمان بمێنێ ئێمە زێدی خۆمان بەجێناهێڵین. چی لە منداڵان و وڵاتی ئێمە دەوێت؟ ئێمە هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان، لەبەرانبەریان دەوەستینەوە".