هێزەکانی رزگاریی عەفرین راگەیاندراوێکیان لەبارەى چالاکییەکەیان لە دژی بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر لە گوندی خزەوی لە ناوچەى جندرێسی عەفرین بڵاوکردەوە، کە زانیاریی وردی لەبارەى چالاکییەکە و هەروەها ڤیدیۆی چالاکییەکەى تیادایە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:
"دەمەوە ئێوارەی رۆژی ١٢ی ئەیلول لە گوندی خزەویی لە ناوچەى جندرێس دا هێزەکانمان لە دژی ٢ بارەگای سوپای تورکی داگیرکەر چالاکیی کاریگەریان ئەنجامدا. لەو چالاکییانەدا ئەو شوێنانە کە کرانە ئامانج، ئاگریان تێبەربوو و تەقینەوە تیایاندا روویدا.
لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٧ سەرباز کوژران و ١٠ سەربازی تریش لەگەڵ ٢ چەتەدا بریندار بوون. هەروەها ٨ کۆنتێنەر تێکشکێنران و ٢ زریپۆشی جۆری بی ئێم پی و تانکێک تەقێنرانەوە.
دواى چالاکییەکە لە عەفرین و جندرێسەوە ٢ کۆپتەر و ژمارەیەکى زۆر ئامبولانس چوونە شوێنی چالاکییەکە و کوژراو و بریندارەکانیان گواستەوە. هەروەها سوپای تورکی داگیرکەر گوندەکانی ناوچەى شێراوای تۆپبارانکرد و بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەستی بە سوڕانەوە کرد. لە تۆپبارانەکانی سوپای تورکی داگیرکەردا بۆ سەر گوندی برج قاس ٢ هاووڵاتی بریندار بون. هەروەها لە زۆرێک لە گوندەکاندا بەهۆی ئەو تۆپبارانانەوە زیانی ماددی روویاندا.
ئەو چالاکییە بۆ تۆڵەی ئەو رەفتار و تاوانە دژ بە مرۆڤانەیەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بوون، کە بەسەر گەلەکەماندا لەعەفرین دەیسەپێنێت".
ژ.ت