کۆڵبەری ترى کورد بەهۆی سەرما و تەقینەوەى مینەوە گیانیان لە دەستدا و برینداربوون

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو کۆڵبەر بەهۆى سەرما و سۆڵەوە ڕەق بوونەوە و گیانیان لە دەستدا. هەروەها دوو کۆڵبەری تر بەهۆی تەقینەوەی مینەوە بە قورسی بریندرا بوون.

 

 کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، لە سنووری گوندەکانی بڕوێشکانی ــ نەنۆری-ی شاری بانە دوو کۆڵبەری کورد، کە برابوون و ناوەکانیان کامەران و یادگار ئەمینی بووە، بەهۆی تەقینەوەى مینى چێندراو پیایاندا بە قورسى برینداربوون. بەو هۆیەوە کامەران قاچێکى لەدەستداوە و یادگاریش بەهۆى قورسیى برینەکەیەوە بارى تەندروستیی ناجێگیرە.

ئاماژە بەوەشکراوە،  لە ڕێکەوتی ٣ ئادار/ ١٢ ڕەشەمە، دووکۆڵبەری دیکە لە کوێستانەکانی کانی خودا-ی سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ناوچەکانى نێوان پیرانشار و حاجی ئۆمەران، بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات وباشووری کوردستان بە بەردەوامى و ڕۆژانە تووشی چەندین ڕووداوی وەک تەقەکردن لە لایەن هێزەکانی سەر سنوور و تەقینەوەی مین، بەربونەوە لە چیاکان و ڕەق بونەوە لە سەرمادا دەبنەوە.

 

ک.ش