ھەدیە یوسف، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنهری فیدڕاڵیی دیموكراتیی باکوری سووریا، لە میانهی چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ئاژانسی ھەواڵی ھاوار ڕایگهیاند: قۆناغێكی نوێی بەرخۆدانی عەفرین دهستی پێكردووه و ئێستا شێوازی شەڕی گەریلایی پەیڕەو دەکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت ھەر پارچهیهكی خاکی عهفرین ببێتە گۆڕستان بۆ داگیرکەران.
بەرخۆدان لە دژی پیلانەکانی تورکیا
ھەدیە یوسف ڕایگەیاند، بەرخۆدانی عەفرین مانای بەرخۆدانی بۆ تەواوی دونیا و گەلانی باکوری سووریا گۆڕی. وتیشی: ئەو بەرخۆدانەی یەپەگە\یەپەژە و گەلی عەفرین بەرامبەر تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی کردیان، بەردەوامە. خۆڕاگریی شەڕڤانان و گەلی عەفرین لە بەرامبەر داگیرکاریی تورکیادا، پەیوەندیی داگیرکەرانەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ڕووسیای ئاشکرا کرد. ھەروەھا دەرخەری بێدەنگیی نێودەوڵەتی و پلان و پیلانەکانی تورکیا بوو دژ بە گەلی عەفرین.
«دەوڵەتی تورکیا پلانی داناوە عەفرین داگیر بکات و دیمۆگرافیاکەی بگۆرێت، عەفرین بکاتە ناوەند و سەرچاوەیەکی تازە بۆ گرووپە چەتەکان، ھەروەھا دهیهوێت بەھێنانی گەلانێکی بێگانە بۆ ئەو ناوچانە، نفوزی خۆی فرهوان بکات. بەرخۆدانی عەفرین ماوەی ٦٥ ڕۆژە لە دژی ئەم پلانانە بەردەوامە و تا سەرکەوتنی ئێمه و شکستهێنان بهسهر پلانەکانی تورکیادا، بەردەوام دەبێت.»
گەلی عەفرین خۆبەدەستەوەدانی رەت کردەوە
ھەدیە یوسف، ئاماژەی بە سیستەمی پێکەوەژیانی گەلانی عەفرین کرد و وتی: گەلانی عەفرین لە چوارچێوەی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی فیدڕاڵیی دیموکراتیدا پێکەوە بەئاشتی دەژیان، سوپای تورکیا دژی ئەو سیستەمی پێکەوە ژیانەیە. ھەروەھا هێمای بۆ ئهوه كرد، گەلی عەفرین بڕیاری خۆی بە بەرخۆدان جێبهجێ كرد. کاتێک وتیان «ئێرە زەوی ئێمەیە، خاکی ئێمەیە، ئەردۆغان ناتوانێت داگیری بکات، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان دژی داگیرکردنی ئەم خاکه له لایەن سوپای تورکیاوە.»، گەلی عەفرین نە ڕادهست بوو، نە ستەمی سوپای تورکیای قبووڵ کرد.
«بەداخەوە دەوڵەتێکی ئەندامی پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی - ناتۆ، بە تەواوی توانای سەربازی خۆی، بە تۆپ و فڕۆكه و موشەک، ھێرشی كرده سەر شاری عەفرین و سەدان ھاوڵاتیان شەھید و بریندار کرد. بەشێوەیەک گەلی عەفرین کۆمەڵکوژ کرا و وەڵاتانی دونیاش بێدەنگ تەماشایان کرد.»
بەرخۆدانی عەفرین ڕووی ڕاستی جیھانی ھەڵماڵی
لە درێژەی قسهكانیدا، ھەدیە یوسف وتی: عەفرین، جوگرافیایەکی بچووکە، بەڵام ڕای گشتیی جیھانی راکێشا بۆ خۆی. بەرخۆدانی عەفرین ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەتی جیھانی ھەڵماڵی.
گەلمان لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد
ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنهری فیدڕاڵیی دیموكراتیی باکوری سووریا ڕایگهیاند: ئهگەر گەلمان لە عەفرین دەرباز نەکردبوایه، لە لایەن سوپای تورکیاوە کۆمەڵکوژ دەکران. وتیشی: ماوەی ٥٧ ڕۆژ، بەرخۆدانێکی سەربەرزانەی گەل لە عەفرین بەڕێوەچوو، پاش ئەوەی شەڕ لە ناوەندی شارەکە نزیک بوویەوە، بەرخۆدەرانی عەفرین بڕیارێکی گرنگی مێژووییاندا، گەلیان لە شارەکە دوورخستەوە بۆ ئەوەی لە مەترسی کۆمەڵکوژی بەدوور بن. عەفرین ڕێگری کرد لە کۆمەڵکوژیی گەورەی گەلەکەی لە لایەن سوپای تورکیاوە.
خاکی عەفرین دەبێتە گۆڕستانی سوپای تورکیا
ھەدیە یوسف، دەربارەی بەرخۆدانی ناوەندی شاری عەفرین دهستنیشانی كرد، ڕەوتی بەرخۆدانی عەفرین، بۆ شێوازی شەڕی گەریلا گۆڕاوه، ههر جێگهیهك سوپای تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی لێبێت، دەبێتە ئامانجی شەڕڤانان. خاکی عەفرین دەکەینە گۆڕستانی داگیرکەران. تا ھێرشی سوپای تورکیا بەردەوام بێت، بەرخۆدان بەردەوام دهبێت. شەڕڤانان، تۆڵەی دەستدرێژی، داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی سەر خاکی عەفرین دەکەنەوە.
کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر جینۆسایدی گەلی عەفرین بهرپرسه
ھەدیە یوسف کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی به بەرپرسیار دانا لە بەرامبەر جینۆسایدی گەلی عەفرین و وتی: گەلی عەفرین له بهر چاوی دەوڵەتانی دونیاوە کۆمەڵکوژ دەکرێت. سەرجەم دەوڵەتانی دونیا بەرپرسن لەم کۆمەڵکوژییه، چونکە ڕێگرییان نەکرد لە سوپای تورکیای داگیرکەر. دەوڵەتی تورکیا وزەی لەو بێدەنگییەی جیھان وەرگرت و بەردەوامی بە ھێرشە دڕندانە بەربەرییەکەیدا.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھیچ یارمەتیەکیان پێشکەشی عەفرین نەکردووە
ھەدیە یوسف، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنهری فیدڕاڵیی دیموكراتیی باکوری سووریا ئاماژەی بۆ ئهوهش كرد، تا ئێستا لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە یارمەتی پێشکەشی ھاوڵاتیانی عەفرین نەکراوە.
«تا ئیستا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییهکان ھیچ ھاوکارییهکیان پێشکەشی گەلی عەفرین نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بەڵێنی ھاوکاییان داوە، بەڵام تائیستا کات و بڕی ھاوکارییهکان نادیارە و ھیچ ھاوکارییەک بەدەستی گەلی عەفرین نەگەیشتووه.»
پلانەکانی تورکیا ڕهوایهتییان نییه
ھەدیە یوسف، لە درێژهی چاوپێكهوتنهكهدا ڕاشیگهیاند: دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی دەیانەوێت دیمۆگرافیای کانتۆنی عەفرین بگۆڕن و بهو ئامانجهش سوپای تورکیا بە چەندین چەکی قورسی قهدهغهكراوی نێودەوڵەتی، تاوانی جەنگی لە عەفرین ئەنجامدا.
ههدیه یوسف ئاشكرای كرد، تورکیا دەیەوێت دوای داگیرکردنی عەفرین، ئیدارەی عەفرین لە ھێزە بەکرێگیراوەکانی خۆی پێكبێنێت و به چهتهكانی هاوپهیمانی، عهفرین بهڕێوهببات. بەڵام ئەم پلانانەی تورکیای داگیرکەر ھیچ ڕهوایهتییهكی نییه و گەلی عەفرین بەوە ڕازی نابن لە لایەن داگیرکەران و بەکرێگیراوانەوە بەڕێوەببرێن.
بەرخۆدان و تێکۆشان بەردەوامە
ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنهری فیدڕاڵیی دیموكراتیی باکوری سووریا لە كۆتایی چاوپێكهوتنهكهدا وتی: گەلی عەفرینمان لە کۆمەڵکوژیی سوپای تورکیا دوورخستەوە، بەڵام لە بەرخۆدان نەکشاوینەتەوە و تێکۆشان دژی داگیرکەران بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت.
s.m