یەکێک لە سیبمولەکانى بەرخۆدانى کۆبانێ؛ خەلیلی بچووک
٥ ساڵ بەسەر هێرشی دڕندانەى داعش بۆ سەر کۆبانێ تێدەپەرێت، بەڵام ئەو هێرشە هەر لە بیر نەچووەتەوە و ناچێتەوە. لەو شەڕەدا چەندین سیمبول و نمونە دەرکەوتن. یەکێک لەو سیمبولانە خەلیلی بچووک بوو.
٥ ساڵ بەسەر هێرشی دڕندانەى داعش بۆ سەر کۆبانێ تێدەپەرێت، بەڵام ئەو هێرشە هەر لە بیر نەچووەتەوە و ناچێتەوە. لەو شەڕەدا چەندین سیمبول و نمونە دەرکەوتن. یەکێک لەو سیمبولانە خەلیلی بچووک بوو.
هەیسەم مسلم – کۆبانێ
خەلیل عومەر منداڵێک بوو کە لەبەردەم کامێرا راوەستا و بە جۆش و خرۆش و ورەیەکى بەرز و گەورەوە وتی "من لە کۆبانێ ناچمە دەرەوە و ناچم بۆ هیچ شوێنێک". لە ئەیلولی ٢٠١٤ دا و کاتێک چەتەکانى داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ خەڵک کشانەوە، بەڵام لەو دیمەنەدا خەلیل کاریگەرییەکى زۆر گەورەى دروستکرد و بە تایبەتى لە رووی ورە و هەڵوێستەوە. جیهان تامەزرۆی ئەوە بوو، کە ئاخۆ ئەو منداڵە لە خاکی کۆبانێ دا مایەوە؟ یان ئەویش وەک خەڵک ناچار بوو پەنا بباتە بەر کۆچبەری؟
دواى تێپەڕبوونی ٥ ساڵ بەسەر ئەو دیمەنەدا ئێمەش وەک هەموو کەس تامەزرۆ بووین کە جارێکیتر خەلیل ببینین و سەیری کامێرای ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) بکات تاوەکو بزانین چی دەڵێت.
خەلیل ئێستا تەمەنی ١٤ ساڵە و خەڵکى گوندێکى باشووری کۆبانێ-یە. کوڕە گەورەی بنەماڵەیەکى ٧ منداڵییە.
کاتێک بینیمان یەکڕاست لێمان پرسی خەلیل تۆ لە کۆبانێ چوویتە دەرەوە؟ خەلیل رێک وەک ئەو قسەیەى ٥ ساڵ لەوە پێش وتی "من لە کۆبانێ نەچوومە دەرەوە و ناچمە دەرەوەش، ئەمە خاکی منە، بچم بۆ شوێنى تر چی بکەم".
بنەماڵەى خەلیل-یش وەک دەیان بنەماڵەى تر کۆبانێ-یان بەجێنەهێشت، کە داعش رۆژانە تۆپبارانی دەکردن.
خەلیل باسی ئەو رۆژانەى بۆکردین و وەک شایەتحاڵێکى رووداوەکان وتی "کاتێک ئێمە لە گوندەکەمان چوونەدەرەوە زۆر غەمبار و ناڕەحەت بووین. کاتێک ئێمە چووینە سەر سنوور بە بەرچاوی تانک و تۆپەکانى تورکیاوە داعش تۆپبارانی دەکردین. ئێمەش بە چاوی خۆمان بینیوە، کە هاووڵاتییەکی لاڵ چۆن بە گولـلەى داعش کوژرا".
وتەکانى خەلیل لە تەمەنەکەی خۆی گەورەترە و ئێستاش کار بۆ بنەماڵەکەى دەکات و بژێویى ژیانی ٩ کەس دابین دەکات.
ئەوە ٥ ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ تێپەڕی، بەڵام خەڵکی کۆبانێ ئەو رووداوە بە گەورە و بچووکەوە لە بیر ناکەن و هەر لەو رژەوە لە گوندەکانى خۆیان چوونە دەرەوە تاوەکو ئەو رۆژەى گەڕانەوە بۆ گوندەکانیان.
لەو دیمەنەدا کە خەلیل لەسەر سنوور قسەکانى تیادا بڵاوکردەوە، خەلیل بەو تەمەنە منداڵییەوە هەستی منداڵیى خۆی و هەستی هەموو کوردێکى هێنایە سەر زمان و لە دوایدا کاتێک لێى دەپرسن تەمەنت چەندە دەڵێت، "نازانم". خەلیل ئێستاش نازانێت تەمەنی چەندە و لە کەسیشی نەپرسیوە تەمەنی چەندە، بەڵام خەلیل ئەوەى لەسەر سنوور چی بەسەر خۆی و بنەماڵەکەى و کۆبانێ دا هاتوە و چۆن ژیاون هەرگیز لە بیر ناکات و ئەو رۆژانە بە وردەکارییەوە باس دەکات و لە پێشتریش زیاتر خاکەکەى خۆی خۆشدەوێت.
ژ.ت