٢٩ شەڕڤان شەهید بوون، خۆبەڕێوەبەری ٣ رۆژ ماتەمینی راگەیاند- نوێکراوەتەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند کە ٢٩ شەڕڤانی ئەندامی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر شەهیدبوون، ٣ ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاند.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیوەست بە هێرشەکانی دوێنێی (٨ ی تشرینی یەکەم) دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژی چەند خاڵێک لە دێرک و ڕەمیلان، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"هێرشەکانی ڕژێمی فاشیستی تورک بۆ سەر هەرێمەکانمان ساڵانێکە بەردەوامە. ئامانج لێی سەرلێشێواوی و پێشگرتنە لە تێکۆشانی گەل و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانمان لە دژی تیرۆر. دوێنێ ٨ی تشرینی یەکەم، لە دێرک و ڕەمیلان، هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر زۆر خاڵ ڕوویدا، لە نێویاندا ئەکادیمیای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر. ئەم ئەکادیمیایە ٢٤ کاتژمێر کاری دەکرد بۆ پاراستنی جڤاک لە کاریگەرییەکانی مادەی هۆشبەر. هەروەها زۆرێک لە شوێنە نەوتییەکان و ناوچە مەدەنییەکان، لەوانەش پڕۆژە کشتوکاڵییەکانی گوندەواری دەرباسیە کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک کرێکار برینداربوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا ٢٩ ئەندامی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر شەهید بوون و ٢٨ ئەندام بریندار بوون و باری هەندێکیان سەختە. ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە بە بێدەنگی نێونەتەوەیی بەرامبەر بە کردەوەکانی تورک لە هەرێمەکانمان ڕوویدا. پێشتر ڕامانگەیاندووە کە بەردەوامی بێدەنگی نێونەتەوەیی ڕێگە بە دەوڵەتی تورک دەدات کۆمەڵکوژی زیاتر ئەنجام بدات. ئەوەی شەوی پێشوو ڕوویدا بۆچوونەکانمان دەسەلمێنێت. ئەم بێدەنگی و پشتگوێخستنە زوڵمی ڕژێمی فاشیست زیاتر دەکات. پێویستە ڕای گشتی بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقیەوە مامەڵە بکات بەرامبەر بە کردەوەکانی ئەم ڕژێمە بەرامبەر بە گەل و هەرێمەکانمان.

ئەو کردەوانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەر چاوی جیهان ئەنجامی دەدات، شەرمەزار دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە بێدەنگی نێونەتەوەیی پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلەکەمان. پێویستە هەڵوێستی نێونەتەوەیی ڕوون هەبێت بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی تورکیا لە دژی هەرێمە ئارامەکانمان و گەلەکەمان و هێزە سەربازییەکانمان. هێز و گەلەکەمان لە شەڕی داعش و تیرۆردا هەزاران فیداکارییان نیشان دا و هەموو جیهانیان لە داعش پاراست. بەداخەوە لە سەردەمێکدا کە گەلەکەمان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی داعشەوە کۆمەڵکوژ دەکرێت، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی تەنها تەماشا دەکات.

بەردەوام دەبین لە پاراستنی گەل و دەستکەوتەکانمان. ئێمە پشت بە مافی پاراستنی ڕەوا دەبەستین، بەردەوام دەبین لە بنیاتنانی ئیرادەی جڤاکەکەمان و پێداگریی جڤاکەکەمان لەسەر ژیانێکی شکۆمەندانە.

ئێمە بۆ گیانی شەهیدەکانمان و شەرمەزارکردنی ئەم دوژمنکارییە، ٣ ڕۆژ ماتەمینی ڕادەگەیەنین".