بە دیمەن

بۆ شەهیدانی بەنداوی تشرین مەڕاسیمێکی شکۆدار ئەنجام درا

دانیشتوانی فورات بە مەڕاسیمێکی شکۆدار تەرمی ٥ شەهیدی بەنداوی تشرینان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بە خاک سپارد.

تەرمی ئەندامی ناوەندی تەندروستی عومەر حەسەن، ماهیر محەمەد، هاوڵاتییانی مەدەنی هێژا محەمەد و هاوژینەکەی ئەدهەم عەلی و ئەندامی ئەنجوومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنی فورات عوسمان ئیبراهیم لە بەنداوی تشرین لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهید بوون، ئەمڕۆ لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە باشووری شاری کۆبانێ بە مەڕاسیمێکی شکۆدار بە خاک سپێردران.

بە هەزاران دانیشتووی فورات، ئەندامانی پارتە سیاسییەکان، دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ئەندامانی کۆمەڵگە بەشداری مەڕاسیمی شەهیدانی دۆزی ئازادی بوون.

لە مەڕاسیمەکەدا خولەکێک ڕێز بۆ گیانی شەڕڤانانی ئازادی گیرا، پاشان هاوسەرۆکی دەستەی ژینگەی کانتۆنی فورات عارف بالی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و بەڵێنی درێژەدان بە رێگەی شەهیدانیدا و گوتی: "خەون و خەیاڵی شەهیدەکانمان مسۆگەر بکەین. لە سایەیی شەهیدانەوە گەشتینە ئەم ئاستە. لەبەر ئەوە خوێنی شەهیدان لەسەر زەوی جێناهێڵین".

هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جود محەمەد ئاماژەی بەوەکرد لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا بە دەیان کەس شەهید و بریندار بوون وگوتی: "ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر مەدەنییەکان هێرشێکی دڕندانەیە".

بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتیی سووریا شێخ عاید هادی گوتی: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە هەرگیز دەست لە هێڵی شەهیدان هەڵناگرین. وەک پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و چەرکەس و هەموو پێکهاتەکانی تر خاوەندارێتی لە رێگەی شەهیدان دەکەین و دەبێت یەک بگرین و هێرشە داگیرکارییەکان تێک بشکێنین".

بەڕێوەبەری کۆمەڵەی زەنوبیای کانتۆنی ڕەقە فاتمە ساڵەح ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر مەدەنییەکان و گوتی"ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە گەل قڕ بکات، بەڵام گەل خاوەنی میراتی شەهیدانە، پێویستە گەل خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی شەهیدان بکات".

بە ناوی بنەماڵەی شەهید هێژا محەمەد و ئەدهەم عەلی گوترا: "شەهیدەکانمان ویستیان بە هەموو هێزی خۆیانەوە لە تەنیشت شەڕڤانەکانیان بن و بەنداوی تشرین بپارێزن. لەبەر ئەوەش ڕۆشتنە بەنداوی تشرین".

کچی شەهید عوسمان ئیبراهیم سلڤانە ئیبراهیم گوتی: "بەڵێن دەدەم بە باوکم کە تۆڵەی لە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بکەمەوە. سەرمان بە شەهیدان بەرز".

پاشان ناسنامەی شەهیدان لە لایەن ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

تەرمی شەهیدانی دۆزی ئازادی بە هەلهەلەی دایکان و دروشمی "شەهید نامرێت" بە خاک سپێردران.