بۆ یادکردنەوەی ناگیهان ئاکارسال "ڕۆژانی ژن‌ێرژی" بەڕێوەدەچێت

بۆ یادکردنەوەی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسال کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە سلێمانی شەهیدکرا، "ڕۆژانی ژن‌ێرژی" بەڕێوەدەچێت.

ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسال، لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهیدکرا. ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەبۆنەی ساڵیادی کوشتنییەوە، لەنێوان ٢-٤ تشرینی یەکەمی "ڕۆژانی ژن‌ێرژی" (ڕۆژانی وزەی ژن) ڕێکدەخات.

لە ٧ شار چالاکی ئەنجام دەدرێت

بەپێی هەواڵی (Nûjînha) لە ٧ شار چالاکی دەکرێت. لە ٢ ی تشرینی یەکەم لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە قامیشلۆ ڕاگەیاندراوێک دەخوێنرێتەوە و پەیام دەدرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها کورتەیەک لە ژیاننامەی ئاکارسال دەخوێنرێتەوە. پیرفرۆمانسی "من نیسانم" پیشان دەدرێت. هەروەها چەند هەڵبەستێکی و نمایشی "ژنی کورد" پێشکەش دەکرێن. هەروەها شانۆی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن گرووپی ئەلفتریا نمایش دەکرێت. لە کۆبانێ و شەهبا و تەبقە و مەنبەج و حەلەب و دێرک، هەمان چالاکی ئەنجام دەدرێن.

لە حەلەب کتێبخانەیەک دەکرێتەوە

هەر بەو بۆنەیەوە، کتێبخانەیەک بەناوی ئاکارسال لە حەلەب دەکرێتەوە.