بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوان کرا

خەڵکی دەرباسیە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوان لە دەرباسیە

سەدان دانیشتووی شاری دەرباسیەی کانتۆنی جەزیرە بە ڕێپێوانێک گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد و داوای ئازادی جەستەییان کرد.

ڕێپێوانەکە بە هەڵگرتنی وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵای تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) و پانکارتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لەبەردەم گۆڕەپانی ژنانی شارەکە دەستی پێ کرد. لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "نا بۆ بێدەنگی نێونەتەوەیی" بەرزکرایەوە.

ڕێپێوانەکە لە چوارڕیانی شارەوانی وەستا و گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

هاوسەرۆکی ڕێکخستنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ی شاری دەرباسیە دیانە عەبدوڵا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و هێزە نێونەتەوەییەکان لەم سیستەمە نوێیە دەترسن کە گەل خۆی بەڕێوەببات، بۆیە گۆشەگیری توندتر دەکەن.

دیانە بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی شەرمەزار کرد و گوتی بەرپرسیارن لە تەندرووستی عەبدوڵا ئۆجالان.

بانگەوازی لە ڕێکخراوە یاساییەکان کرد دەست لەم بێدەنگییە هەڵبگرن، گوتی پێویستە گەل بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام لە گۆڕەپانەکان بن.

گردبوونەوەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.