بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی بەڕێوەبەریی باکوو و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبوویەوە

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە و بەرپرسانی بەڕەێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر کۆبوویەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ چەند پەیوەندیەک سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد و  لە سەردانەکەیدا سەرەتا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) کۆبوویەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتی ئامادەیە کێشەکانی ئێستا بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکات و وتی: "هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بدەین، کە دیالۆگ ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر دۆخەکەدا".

هەروەها وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆریش لە کۆبوونەوەکەدا بووە و باس لە بارودۆخی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسییە پەیوەندیدارەکان کراوە. لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خراوەتە سەر پرسی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و بەردەوامیی هەماهەنگی سەربازی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا.

تاڵەبانی و شاندەکەی چاویشیان بە ساڵح موسلیم و ئاسیە عەبدوڵا هاوسەرۆکانی پەیەدە و ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەرانی رۆژئاوای کوردستان کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکان، تاڵەبانی چەندین کۆبوونەوەی سەربازی و سیاسی تر لەڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات.

ژ.ت