باشوری رەقا لە ژێر کۆنتڕۆڵی قەسەدەدایە

ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی قەسەدە و هێزەکانی ئاساینی ناوخۆ لە حەسەکە بەردەوامە، دوای ئەو هەواڵانەی کە حکومەتی دیمەشق بارەگاکانی خۆی لە باشوری رەقا بۆ داعش چۆڵ کردووە، قەسەدە رایگەیاند رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) پەیوەست بەو هەواڵەی کە حکومەتی دیمەشق بارەگای رەسافەی لە باشوری رەقا چۆڵ کردووە و بارەگاکەی بۆ چەتەکانی داعش جێهێشتووە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە باسی لەوەکردوە، لە کاتێکدا ئۆپراسیۆن لە گرتووخانەی سەناعە بەردەوامە، چۆڵکردنی ئەو بارەگایانە لە لایەن حکومەتەوە جێگەی گومانە. قەسەدە رایگەیاندوە، کە هێزەکانیان رێوشوێنی پێویستیان گرتوەتەبەر.

چوار چەتە گیران و 9 دیلیش رزگارکران

لە لایەکی دیکەوە لە حەسەکە لە ئۆپراسیۆنی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایسی ناوخۆدا چوار چەتەی دیکەی داعش گیران. ئۆپراسیۆنەکە لە زیندانی سەناعە بە بەرفراوانی بەردەوامە. قەسەدە هەشت هۆڵی دیکەی زیندانەکەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و 250 چەتەی دیکەش گیران. 

لەوکاتەوەی ئۆپراسیۆنەکە دەستیپێکردووە تا ئێستا ژمارەی ئەو چەتانەی دەستگیرکراونەتەوە گەیشتوەتە 500. هەروەها قەسەدە 9 کەسیشی رزگار کرد کە وەک دیل کەوتبوونە دەست چەتەکانی داعش.

لە ناوچەکەدا ئۆپراسیۆنی قەسەدە بە وریاییەوە بەردەوامە.

هـ . ب