بەبێ تێگەیشتن لە پەکەکە دەسکەوتەکانی نابینرێن
کاتێک باسی دەستکەوتەکانی ٤٦ ساڵەی پەکەکە دەکەین، پێویستە بەقەد گەورەی پەکەکە بیربکەیتەوە، تاکو دەسکەوتەکانیشی ببینی.
کاتێک باسی دەستکەوتەکانی ٤٦ ساڵەی پەکەکە دەکەین، پێویستە بەقەد گەورەی پەکەکە بیربکەیتەوە، تاکو دەسکەوتەکانیشی ببینی.
ساڵێکی تریشمان لە تەمەنی پەکەکە پڕ کردەوە، ٤٦ ساڵی بێوچانی تێکۆشان و دەربازبوون بۆ ٤٧ مین ساڵ. هەڵبەت ئەگەر ئەو مێژووە لە کۆنگرەی یەکەمەوە بگرینە دەست، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرکەتنی پەکەکە هەمانکات دەرکەتنی رێبەر ئاپۆشە، بۆیە لەگەڵ یەکەم هەنگاوی رێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشانی ئازادی کوردستان، واتا پێویستە لە نەورۆزی ١٩٧٣ وە بەدەست بگیردرێت.
پەکەکە لەبەر ئەوەی وەک حزب و بزووتنەوە تەقلیدیەکانی کوردستان نەکەوتە ناو مەیدانی خەبات، هەمانکات لە هەنگاونان و بەرەوپێشچوونیش بەگوێرەی مۆدێلێک خۆی هەڵیبژاردبوو، بەمشێوەیە بناغەی دانا و بونیادنانی کرد. لای زۆرێک سەیرە کاتێک دەڵێین پەکەکە کەسایەتی کوردی لەنوێوە ئافراندەوە، واتا بەکەسایەتی کۆن خەبات و تێکۆشان مەحاڵ بوو، چونکە کەسایەتی نەریتی کورد، دەستەمۆی دەستی داگیرکەر ببوو، داگیرکەر بەگوێرەی خۆیان هەڵیاندەسوڕاند. دیسان کاتێک باسی بەرخودانی دەکەین لە کونجی زیندان و بە چالاکی مانگرتن تامردن، هەژموونی داگیرکەر تێکدەشکێنرێ. ئەمە زیندانی کردە قوتابخانەی شۆڕشگێڕان، بۆیەش کادیری زیندان لە پەکەکە ئەو کادیرەیە کە بەرخودان ژیانە فەلسەفەی تێکۆشانی بووە، ئەمڕۆ دەبینین زۆرێک لە کادیران دوای ٣٠ لە زیندان دەردەکەون، بەڵام دیسان خۆی دەگەێنێتە چیا ئازادەکان و هەمان حەماسەت و گەرمای بەر لە ٣٠ ساڵ دەژی.
ئەوەی کەس لە خەیاڵیدا نەبوو ئەویش بەشداری ژنان بوو بۆ ناوشۆڕش لە یەکەم کۆنگرە ژنانی وەک ساکینە جانسز بەشداربوون، ئەمڕۆ کاتێک دەڵێین شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشی ژنە، یان کاتێک دەگوترێ شۆرشی ژن، ژیان ، ئازادی هێز و ئیرادەی ئەو تێکۆشانەیە کە بەر لە ٤٦ ساڵ دەستی پێکردوە، بەلای زۆرێک لە هێزە تەقلیدیەکان ئەقڵیان قەبوڵی ناکا. بۆیە قەوانە کۆنەکەی داگیرکەران لێدەدەنەوەو دەڵێن، پەکەکە بابچێتە باکور، یان پەکەکە پارتی باکورە کاری چی بەسەر ئێمەوە!!! ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیشە، ئەویش لەئاستی تووشی سەرسوڕمان بووە، ئەوان چاوەڕێ بوون ژنی ئازاد و پەشکەوتوو لە ئەوروپا و ئەمریکابێ، بەڵام پەکەکە چەرخی رۆژگاری سوڕاند و ژنی ئازاد و پێشکەوتوی لە کوردستان ئافراند. ئەمڕۆ ژنانی جیهان ئیلهام لە ژنی کوردی ئاپۆی وەردەگرێ، واتا ژنی کورد لە تەڤگەری پەکەکەدا خاوەن رێکخستن، هێزی چەکدار، فەلسەفی تێکۆشان و ژیان و ئایدیۆلۆژیا ئازادیە. ئەمە دەسکەوتێکە دەبێ بەئاوی زێڕ بنوسرێتەوە.
لە بەرانبەر داگیرکەری شەڕ، لە دوای دامەزراندنی تورکیای کەمالی، ئیدی هەموو راپەڕینو بەرخودانی کوردان و نەتەوەکانیتریش سەرکوتکران، لەوەش زیاتر پرۆسەی نکۆلی کردن و توانەوە بەڕێوە چووبوو، لەولاش زیاتر پرۆسەی ئاسیملاسیۆن (وەک خۆ لێکردن) پیادە کرابوو، بۆیە مرۆڤی کورد لە هەبوون و راستی خۆی نامۆ بوو، بەڵام پەکەکە بەو کوردە بڕیاری شەڕی لەدژی داگیرکەریدا. بۆیە دەڵێن ئەتاتورک گوتویەتی، من کوردم لەسەر چیای ئاگری لەناو گۆڕێکی کۆنکرێتی لەچاڵناوە، ئیتر ئەوەی خەیاڵی کورد بکات ئەوا لەم چاڵەدا نێژراوە!!
کاتێک پەکەکە یەکەم فیشەکی لە دژی داگیرکەری تورکیا تەقاند، ئیدریس بارزانی بە سەرکردایەتی پەکەکەی گوتبوو، چۆن بەبێی ئێمە شەڕی تورکیا دەکەن، تورکیا ئێمە لەناودەبات!! تومز پەدەکە بەڵێنیان دابووە دەوڵەتی تورکیا، ناهێڵن هەتا ئەوان هەبن، رێگەنادەن هیچ جوڵانەوەیەکی کوردی شەڕی دەوڵەتی تورکیا بکات. نمونەی پەدەکە\تورکیا لەبەرچاوانە، لەبەر ئەوەی بیریان کردەوە لە سەرەتا ساڵانی حەفتا، شەڕ لەدژی داگیرکەری تورکیا بکەن، پەدەکەی بارزانی بەناو و ناتۆرەی جیاواز سەرۆک و جێگرەکەی (سەعید ئەلچی و سەعید قرمزی تۆپراغ) لەناوبرد.
لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەی رابردوو بەتایبەتیش دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت، هەموو دەوڵەت و حیزب و کەسایەتیە بەناو رۆشنبیرەکان گوتیان، باوی شەڕی چەکداری نەماوە، ئیتر گەریلا پێویست ناکات، بەڵام کاتێک لە ٢٣ مانگی رابردوو، لەناو دڵی ئەنقەرە هێرشی کارگەی فڕۆکەوانی کرا، هەمانکات کاتێک رۆژانە ئەو شەڕەی لە هەرێمەکانی زاپ و مەتینان و خواکوڕک دەبینرێت، ئەوکات زۆرکەس هۆشی دێتەوەو دەڵێن، بەڕاستی لە سەدەی ٢١ پارتیزانی ئازادی کوردستان بەمشێوەیە شەڕ دەکات!! بۆیە ئەوەی دەست و تفەنگ و لێهاتوی گەریلای پەکەکە ببینێ، ئەوکات دەزانێ گەلی کورد خاوەن هێزی پاراستنی حەقیقیە، واتا هێزی بنەماڵە و حیزبو وشەخس نییە، وەک خەڵکی ئێمە لەباشوور بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
زۆر هێز و لایەن، هەتا هەندێک لە رۆشنبیران وایان دەزانی پەکەکە تەنها هێزی شاخە، دەزانێ لە شاخ شەڕ و تێکۆشان بکە، بەڵام هەمان تێکۆشان ناتوانێ لەشار بەڕێوەببات!! بەڵام لە باکور، رۆژئاوا و ئەوروپا، پەکەکە ئەوەی سەلماند کە لەیەک کات هێزی شاخ و شارە.
بۆیە ئەوەی لە پەکەکە تێبگات دەزانێ پەکەکە هەموو ساتێکی هەبوونی دەسکەوتێکی زێڕینە بۆ گەلی کورد و گەلانی جیهان و مرۆڤایەتی، هەمانکات بۆ ژنان و گەنجان و چین و توێژە جیاوازەکان.
سلاڤۆ ژیژک کاتێک باسی رۆژئاوای کوردستانی کرد گوتی، حەزەکەم لە ئێوە فێربم، دیسان کاتێک چۆمسکی بۆ خوێندکارانی زانکۆ رۆژئاوا قسەی دەکرد گوتی، ئەوەی ئێوە دەیکەن لە مەحاڵ دەچێ، ئایا لەم دەسکەوتانە گەورەتر هەیە؟؟؟
سەرەڕای ئەوەی ٢٦ ساڵە رێبەر ئاپۆ لە کونجی زیندان توند کراوە، وەک خۆی ئەڵێ وەک ئەوەی لە چاڵی مەرگەدابێ. بەڵام هەموومان بینیمان و بیستمان کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەی دوومانگە باسی ئەوە دەکەن چۆن ئاپۆ بێ لە قەیرانەکانیان رزگار بکا، بێت لە پەرلەمانیان قسە بکات!! واتا دوای ٢٦ ساڵ دیسان بەئیرادەیەکی لە پۆڵا خۆی لەسەر پێ گرتووەو یەک چرکە لەهێڵی ئازادی و تێکۆشان لای نەداوە، پێچەوانە داگیرکەرانی ناچارکردووە کە دەبێ بچن بۆ لای بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات.
ئەوانە هەمووی بە رەنج و خوێن و قوربانیدان بەرهەم هاتوون، نزیکەی ٥٠ هەزار شەهید لەم پێناوە دراوە، بۆیە کاتێک باسی دەستکەوتەکانی ٤٦ ساڵەی پەکەکە دەکەین، پێویستە بەقەد گەورەی پەکەکە بیربکەیتەوە، تاکو دەسکەوتەکانیشی ببینی.