بە دیمەن

بنەماڵەی شەهید شیلان کۆبانێ: ڕۆژی ٩ـی تەممووز هەڵهاتنی خۆرێکی نوێییە

دایکی شەهید شیلان کۆبانێ، فاتیمە سلێمان حەبەش، دڵخۆشی بە بینی پەیامە ڤیدۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا ڕۆژی ٩ی تەمموز خۆرێکی جیاواز لە ئاسمانی کوردستاندا هەڵهات.

لە دوای پەیامە ڤیدۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ٩ی تەمموزدا بڵاوکرایەوە، گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستاندا لە نێو جۆش و خرۆشدان. دایکی شەهید شیلان کۆبانێ، فاتمە سلێمان حەبەش سەبارەت بە بینی دیمەنەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەستی خۆی دەربڕی و گوتی: "وەک چۆن یەکەمجار ڕێبەرێتیم بینی و بە قووڵییەوە پەیوەست بووم بەو ڕۆحە، جارێکی دیکە ئەو هەستە لە دڵمدا نوێ بووەوە."

دایکی شەهید شیللان کە نەوەکانی لە چواردەوری خۆی کۆکردەوە و سەیری وێنە و دیمەنەکەی ڕێبەر ئاپۆیان دەکرد، گوتی: "دوای چەندین ساڵ بۆ جاری یەکەم دیمەنی ڕێبەرەکەمانم بینی، نەک تەنها من، کاریگەری لەسەر تەواوی گەلەکەمان لە هەر چواربەشی کوردستان کرد. دڵخۆشبووین و سەربەرزین. لەو باوەڕەداین جارێکی دیکە ڕێبەرەکەمان بینین و لە ئامێزی بگرین."

'بینی ڕێبەر ئاپۆ هەستێکی زۆر جیاوازی بۆ دروستکردم'

فاتمە باسی یەکەم بینینی ڕێبەر ئاپۆی کرد و گوتی: "لە ساڵانی ٨٢دا ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەڤاڵان بوون بە میوانی ماڵەکەم. سەرەتا ئەوم نەناسی پاشان هەڤاڵان گوتیان ئەوە ڕێبەرەکەمانە. ئەوکات هەستم بە دڵخۆشییەکی زۆر جیاواز کرد کە ڕێبەرەکەمانم بینی."

هەروەها لە بەردەوامی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا جاری دووەم لە ئەکادیمیای شەهید مەعسوم قۆرقماز ڕێبەر ئاپۆی بینوە و ئەوکاتەش ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی کورد بوو، گوتی: "ئەوکاتەی لە ئاهەنگەکەی ئەکادیمیادا بووم، کچەکەم لە ئامێزمدا کۆچی دوایی کرد. ئەوکات بە بێدەنگی کچەکەم بردە ژوورێک و پاشان بەشداری ئاهەنگەکە بووم. لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکە بە هەڤاڵانم گوت کچەکەم لە باوەشمدا گیانی لە دەستداوە. هەمووئەوکەسانەی لەوێبوون سەرەخۆشیان لێکردم، ڕێبەر ئاپۆش منی بینی دەستی درێژ کرد، وتی دایە سەری تۆ ساغبێ."

لە کۆتایی قسەکانییدا دایکە فاتمە ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ببینێ سەردانی ئەکادیمیای کردوە ئەوکاتەی ڕێبەر ئاپۆی بینیوە هەستێکی ستایش نەکراوە لەودا دروستبووە و گوتی: "تاوەکو ئێستا لەسەر هێلی ڕێبەرەکەمانین، لەسەر فکر و باوەڕی ئەوین، بە ڕێبەرەکەمانەوە گرێدراوین. کاتێک وێنە و دیمەنی ڕێبەر ئاپۆم بینی، بە جۆش و خرۆشتر بووم. لەوباوەڕدام جارێکی دیکە ڕێبەرەکەمان ببینین و ئازادی جەستەیی ڕیبەرەکەمان مسۆگەر بکەین. ٩ی تەمموز خۆرێکی جیاواز لە ئاسمانی وڵاتەکەمان هەڵهات، بەڵام ئەو ڕۆژە وەک هەموو ڕۆژەکانی دیکە نییە. سڵاو بۆ ڕێبەر ئاپۆ، تەواوی شۆڕشگێڕانی وڵاتەکەم دەنێرم."