'ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی دیموکراسی بکات'

دادوەری نوسینگەی دادپەروەری کۆمەڵگەی شاری منبج ئیبراهیم ئیبراهیم و پارێزەر ئادا ئۆناڵ، ئاماژەیان بەوەدا کە عەبدوڵا ئۆجالان کەسێکە دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی دیموکراسی بکات.

لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە لە ٧٤ وڵاتی جیهان و بە بەشداری سیاسەتمەدار، یاساناس، ڕۆشنبیر، کەسایەتیە گرنگ و کاریگەرەکانی جیهان، هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستپێکرد و هەتا دێت فراوانتر دەبێت.

'هەڵمەتی جیهانی وەڵامدەرەوەی پیلانگێڕییە'

سەبارەت بەم بابەتەوە دادوەری نوسینگەی دادپەرەوەری شاری منبج، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: " گفتوگۆی زۆر لەسەر ئەم هەڵمەتە کراوە. پلان داڕێژاوە بۆ لابردنی گۆشەگیری، بە تایبەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ دۆزی کورد، چونکە دۆزی کورد لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە. ئەم بابەتە لە ڕوی مرۆی، یاسایی و زانستیەوە کاریگەری لەسەر دیموکراتیکبوون و ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لەبەرئەوەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان فەیلەسوف و بیرمەندێکە، تێڕوانینەکانی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات. وەک کێشەی ئازادی و دیموکراسی، ژن و ئیکۆلۆژی. چون تێزەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێشنیارە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای دیموکراتیک لە بەرامبەر بەربەستەکانی سەرمایەداری جیهانی".

'ڕۆڵی دەستپێشخەری سوریا لە هەڵمەتی ئازادیدا'

ئیبراهیم دەست نیشانیکرد، کە بەشداربوون لەم هەڵمەتەکەدا ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت و وتی: "لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆشنبیر و بیرمەندی عەرەب لێکۆڵینەوە لە فکر و فەلسەفەی ڕیبەر ئاپۆ دەکەن. لەو گومانەدابوون کە ئەم فکرە تا چی ئاستێک لە سەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییە ئەرێنیەکانی لەسەر ئازادی داناوە. لەبەر ئەوە بەشداری ئەم هەڵمەتە جیهانییە بوون.

بە چالاکی جۆربەجۆر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشوازی لە هەڵمەتەکەکرا. بەتایبەت لە پاش کۆنفرانسی یاسای و تەندورستی کاریگەر و گرنگ بوو. ئەم کۆنفرانسە بە بەشداری ٣٠٠ پارێزەر و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدرا. لە کۆنفراسەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتە ناوخۆی و جیهانییەکان کرا. بەتایبەت بۆ گوشار خستنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ لابردنی گۆشەگیری و چارەسەری دۆزی کورد".

'هەڵمەتی جیهانی بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بنەمای تێکۆشانی ئاشتیە لە هەرێمەکە'

هەروەها ئەل ئیبراهیم دوای چالاکیی کۆکردنەوەی واژۆ، بەبیری هێنایەوە و ڕایگەیاند کە ئەم چالاکییە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی بەدەستهێناوە. ئەل ئیبراهیم لە درێژەی قسەکانیدا وتی:"چونکە ژمارەی واژۆکان گەیشتە ١٠٢٥ واژۆی پارێزەرانی ناوچە جیا جیاکانی سوریا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دیمەشق و لازقیە، هەروەها پشتڕاستکرایەوە کە ئەم واژۆیە ڕادەستی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەکرێت. ئەمە ڕێکخراوێکی حکوومی نییە، لەبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە، بووەتە مایەی متمانە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕای جیهانی بکات.

لە سایەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە، ئیدارەی خۆبەڕێەوەبەری دوای چەندین ساڵ شەڕ و وێرانکاری، ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان چین و توێژەکانی خوڵقاندووە. ئه م شۆڕشه به هەموو گەلانی جیهان نیشان دەدات که کلیلی چارەسەری قەیرانەکانە گرێدراوی کەسایەتی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو هەڵمەتەی لە پێناو ئازادی ڕێبەرایەتیدا دەستی لپێکراوە، سەلمێنەری ئەوەن گەلانی جیهان چەندە گرێدراوی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەیەن. جگە لەوەش هەوڵەکانی تورکیا و دنیای سەرمایەداری بۆ پێچەوانەکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتوو نەبوون".

چالاکیی مانگرتنی زیندانیان

ئەل ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشدا کە سەرەڕای بارودۆخی دژواری زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەڵام زیاتر لە ١١٠ زیندانی بەشداری هەنگاوی مانگرتن لە خواردنن و وتی:" زیندانیان دەڵێن هەتا ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، مانگرتنەکەیان ناشکێنن. مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ٤٧ هەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

چالاکوانان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەر پرسی کورد پەیام و دەنگی خۆیان ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدار و دیموکراتیکەکان کردووە.

پارێزەر ئادا ئۆناڵ، دوای ئەوەی چەند جارێک سەردانی زیندانەکان و بڵاوکردنی نامەی زیندانییەکان، ڕایگەیاند،"چالاکوانانی مانگرتوو دەیانەوێت پەیامێک بۆ گەلانی جیهان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنێرن، هەروەها بۆ هەموو لایەنە دیموکراسیەکان سەبارەت بە هەڵگرتنی گۆشەگیریی لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان و تێکۆشان بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد. چونکە تەنها ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت پێشەنگایەتی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات".