هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید سەرنجی بۆ سەر ئەو زیان و کاولکارییانە راکێشا کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەر ژێرخانی ناوچەکە کەوتوون و بەم جۆرە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو هێرشە داگیرکارییانە دەربری، "بەتایبەتی وێستگەکانی کارەبا، ئاو و نەوت راگیراون. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر نانەواخانە، سایلۆکانی گەنم و جۆ. ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی پێداویستی تەندروستی گەل دابین دەکەن، دەکرێنە ئامانج. بەهۆی زیانە مادییەکانەوە، چەندین دامەزراوە ناچاربوون پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری رابگرن".
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رووبەڕووی کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی بوونەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانمان ئاو و کارەبای کانتۆنەکانی جزیر و فورات پچڕاوە.لەمانگی کانونی یەکەمەوە وێستگەی نەوتی عەودە لە باکووری تربەسپی زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەهۆیەوە پێنج بیری ئاو لەکار کەوتوون کە پێداویستیەکانی تربەسپی و شارۆچکەکانی حیلوا و ماشوکیان دابین دەکرد. هەر لە ئەنجامی هێرشەکاندا دانیشتوانی ٢٠ گوندی سەر بە شارۆچکەی ماشوک و ١٢ گوندی سەربە شارۆچکەی حیلوا لە ئاو و کارەبا بێ بەش بوون. ئەو پەڕی رۆژانە ٣-٤ کاتژمێر کارەبا بە دانیشتوانی ئەو شوێنانە دەدرێت.
هەروەها بە هۆی کردنەئامانجی وێستگەی کارەبای سوێدیک ١٨ گوندی ناوچەی کۆچەراتی سەر بە دێرک بێ ئاو و کارەبابوون. ٢٠ گوندی سەربە شارۆچکە عەبرێی چلئاغا و ٢٤ گوندی سەر بە شارۆچکەی مستەفاوی لە تل کۆچەریش ئاو و کارەبایان پچڕاوە.
بەهۆی ئەوەی وێستگەی کارەبای سەر رێگەی حەڵەب لە باشووری کۆبانێش دوو جار لە سەر یەک بۆردومان کراوە، شاری کۆبانێ و ٣٠٠ گوند بێ کارەبا بوون. بڕی ٨٠٠ هەزار دۆلار زیان بەر وێستگەکە کەوتووە و زیاتر لە ١٠ بیری ئاویش لە کارکەوتوون.
٨٩ هەزار بنەماڵە کە لە کانتۆنی فورات دەژین، رووبەڕووی کێشەی بێ ئاوی و بێ کارەبایی بوونەوە و ٦٦٠ گوند و دێ بێ ئاو و بێ کارەبا بوون. بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمەکە، ئاستی وێرانکاری ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری هەرێمەکە تا دێت زیاتر دەبێت.
هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید سەبارەت بە زیان و وێرانکارییەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەڕێمەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'هەوڵ دەدەن ترس و تۆقاندن لە هەرێمەکە بڵاوبکەنەوە'
بێریڤان خالید باسی لە ئامانجەکانی هێرشەکان کرد و وتی، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نایەوێت گەل ژیانێکی ئارام و سەقامگیری هەبێت. بۆ ئەوەی هەلومەرجی ژیان ئەستەم بکەن و وا لە مرۆڤەکان بکەن کە نەتوانن بژین، هێرشی دژوار دەکەنە سەر ئێمە. هەوڵدەدەن شەپۆلێکی ترس و تۆقاندن لە هەرێمەکە بڵاوبکەنەوە و بەم جۆرە ئامانجیانە کە پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری لەناو ببەن. بە کردنە ئامانجی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری هەرێمەکە دەیانەوێت گەل رووبەڕووی لەنابردن بکەنەوە. دەیانەوێت مەینەتی و ئازارەکانی گەل قووڵتر بکەنەوە. دەخوازرێت کە هەرێمەکە لە دانیشتوانی دابماڵن و چۆڵی بکەن، هەروەها دەیانەوێت تۆڵە لەو گەلە بکەنەوە کە داعشی شکست داوە. لەبەر ئەوەی گەلانی هەرێمەکە لە دژی داعش تاکۆتایی خۆڕاگرییان کرد، بەریان بە تیرۆری داعش گرت، هەربۆیە دەیانەوێت جارێکی دیکە بەو هێرشانە داعش زیندوو بکەنەوە".
بێریڤان خالید رایگەیاند کە زیانی گەورە بەر ژێرخانی هەرێمەکە کەوتووە و وتی، "ئامانجی یەکەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئەوەیە کە خزمەت بە گەل بکات، هەلومەرجی ژیانێکی باش بۆ گەل ساز بکات. بەڵام بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ژێرخانی هەڕێمەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە. لە رووی مادییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و چەندین دامەزراوە و بینای ئێمە کە تایبەتبوون بە خزمەتگوزاری، بە ناچاری خزمەتگوزارییان بە گەل راگرتووە و لەکارکەوتوون. بەتایبەتی وێستگەکانی کارەبا، ئاو و نەوت راگیراون. دامەزراوە و بیناکانی دیکەش رەنگە لەکاربکەون. هێرش دەکرێتەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان، سایلۆکانی گەنم و جۆ. ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە کەرتی تەندروستی دەکرێنە ئامانج. بەلەبەر چاوگرتنی ئەو زیانانە بەشێکی زۆری دامەزراوە و بیناکان لەکاردەکەون.
هەروەها هێرش بۆ سەر باری ئەمنی و ئاسایشی هەرێمەکەش زۆر کێشەی لێدەکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خاڵەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکاتە ئامانج. هەروەها دەوروبەری ئەو زیندانانەی کە چەتەکانی داعشیان تێدایە دەکرێنە ئامانج. دوور نییە لە سایەی ئەو هێرشانەوە داعش خارێکی دیکە خۆی رێکبخاتەوە. هەربۆیە جگە لە زیانە ماددیەکان ئاسایشی ناوچەکەش لە مەترسیدایە. ئەمەش نەک هەر بۆ هەرێمەکە، بۆ گەلانی ناوچەکەش دەبێتە مەترسی.
'بەپێی توانا و دەرفەتەکان درێژە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەل دەدەین'
بێریڤان خالید ئەوەی خستەڕوو، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ەوە چوارەم جارە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چڕدەکاتەوە و وتی، "چەندین ساڵە رووبەڕووی هێرش دەبینەوە. هەروەها گەمارۆی توند لەسەر هەرێمەکەمان هەیە. چەندین ساڵە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی، سیاسەتی شەڕ لە دژی ئێمە پەیڕەو دەکرێت. دەیانەوێت پرۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لەناو ببەن. وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رامانگەیاندووە کە لە یەکەم رۆژەوە تائێستا ئێمە بە گوێرەی دەرفەت و تواناکان پێداویستی گەلەکەمان دابین دەکەین. دەرفەتەکانی بەردەست خۆبەڕێوەبەریی زۆر سنووردارن، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە جارێکی دیکە بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی گەلەکەمان کەوتووینەتە ئامادەباشیەوە. بەڵام لە ژێر هێرشی دژواردا چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخان، ئاسان نییە. رێوشوێنمان هەیە، بەڵام هێرشەکان بێ پسانەوە بەردەوامن. لەو هەلومەرجانەدا پەیوەست بە قۆناغی چاککردنەوە ئەوە هەندێک کێشە هاتوونەتە ئاراوە، هێشتا برینی هێرشەکانی پێشوو ساڕێژنەکراون، هێرشی نوێ دەستیپێکردووە. دابینکردنی پێداویستیەکان دژوار دەبێت. پێشتریش توانا و دەرفەتەکانی بەردەستمان سنوورداربوون. بەهۆی ئەو هێرشانەوە دەرفەتەکانی بەردەستمان کەمتریش بوونەوە و بە داخەوە هەلومەرجی ژیان و بژێوی گەلیش دژوار دەبن. ئەو دژواریانە زیاتریش دەبن. بەڵام ئەوەندەی بتوانین و لەدەستمان بێت خزمەت بە گەلەکەمان دەکەین".
'گەل پێداگرە لەسەر خۆڕاگریی'
بێریڤان خالید سەرنجی بۆ هەڵوێستی گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە بەرامبەر هێرشەکان راکێشا و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "گەلانی هەرێمەکە لە دوای شۆڕشی رۆژئاواوە لە دژی هێرشەکان هەڵوێستێکی زۆر بەهێزیان گرتووەتەبەر، بەردەوام لە گۆڕەپانەکاندابوون. جارێکی دیکە جەختیان لە پێداگری خۆیان لەسەر خۆڕاگری کردووەتەوە. بە هەستی نیشتمانپەروەرییەوە دەجوڵێنەوە. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش هێز و ورە لەگەلەوە وەردەگرێت. گەل بەدەوری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە کۆبوونەوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکان کەوتووەتە ئامادەباشییەوە. ئێمە هێز لەگەلەوە وەردەگرین و بڕوایەکی بێکۆتاییمان بە گەلەکەمان هەیە. دیسان ئەوانەی پێشەنگایەتیان بۆ بەرخودان کرد، ژنان بوون، ژنان هەموو رۆژێک لە گۆڕەپانەکانن و وەڵامی پێویست بە دەوڵەتی تورک دەدەنەوە. گەلەکەمان دەبێت زیاتر پەرە بە بەرخودانی خۆیان بدەن. ئێمە دەزانین کە ئەم هێرشانە بێ وەسان و بێ پسانەوە بەردەوام دەبن و گەلەکەشمان لە سەر ئەو بنەمایە و لەپێناو پارێزگاری و پاراستنی دەستەکەوتەکانی خۆی دەبێت ئاستی بەرخودان و خۆڕاگری خۆی بەرزبکاتەوە و پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک بپارێزێت. ئێمە لە سایەی ژنان و گەلانی ئازادەوە شۆڕشی رۆژئاوا دەگەیەنینە سەرکەوتن".
هـ . ب