چالاکوانانی سێمالکا: خیانەتی پەدەکە ئاشکرا دەکەین

دانیشتوانی دربێسی کە چالاکی سێمالکایان دەور وەرگرت، رایانگەیاند، لەگەڵ هەموو سیاسەتەکانی فشاری پەدەکە چالاکیەکەیان بەردەوام دەبێت.

لە دەروازەی سنوری سێمالکا، چالاکی ئیشکگری بۆ وەرگرتنی تەرمی شەهیدان ٨٤ رۆژە بەردەوامە.

چالاکی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی جزیر بۆ وەرگرتنی تەرمی گەریلاکان کە لە بۆسەی چەکدارانی پەدەکەدا لە خەلیفان شەهیدکران ٨٤ رۆژە بەردەوامە. دانیشتوانی ناوچەی دربێسیی کانتۆنی حەسەکە چالاکیەکەیان دەور وەرگرت.

برجیس سەیدۆ یەکێک لە دانیشتوانی دربیسی رایگەیاند کە تاوەکو وەرگرتنی تەرمی شەهیدان بەردەوامی بە چالاکیەکەیان دەدەن و وتی، " بانگەوازیمان بۆ پەدەکە ئەوەیە کە تەرمەکان رادەست بکاتەوە. شەهیدان پیرۆزن. تاوەکو تەرمەکان وەرنەگرینەوە دەست لەم چالاکیە هەڵناگرین."

سەیدۆ لە قسەکانیدا باسی داخستنی دەروازە سنوریەکانی لەلایەن پەدەکەوە کرد و بەم شێویەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "دەروازەکان بەهۆی ئەوەی گەنجان روویان لە دەروازەی پێشخابور کرد داخرا، بەڵام ئەو بیانویە قبوڵ ناکرێت و لۆژیکی نییە. بە ئامانجی فشارخستنە سەر چالاکگەران، دەروازەکانیان گرت، بۆ ئەوەی چالاکیەکە کۆتایی پێبهێنرێت. ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ٣ مانگە بۆ وەرگرتنی تەرمی شەهیدان دەستی بە چالاکی کردووە."

هاوڵاتیەکی دیکە بە ناوی محەمەد رەمەزان باسی ئەوەی کرد کە ئەوان بۆ پشتگیریکردن لە خانەوادەی شەهیدان بەشداریان لە چالاکیەکەی سێمالکادا کردووە و وتی، "ئێمە بۆ ئاشکرانکردنی هێرشەکانی پەدەکە و ئاشکراکردنی خیانەتەکەی بەشداریمان کردووە."

ف.ق