چالاکی سێمالکا ٣ مانگە بەردەوامە

ئەندامانی نوسینگەی تەڤدەم لە دربێسی سەردانی چالاکی سێمالکایان کرد کە ٣ مانگە بەردەوامە و داوای رادەستکردنی تەرمی شەهیدان لە پەدەکە دەکەن.

٣ مانگ واتە ٩٠ رۆژ بەسەر چالاکی سێمالکادا تێدەپەڕێت کە لە لایەن ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی جزیر بە ئامانجی رادەستکردنی تەرمی گەریلاکانی هەپەگە دەستیپێکردووە کە لەلایەن چەکدارەکانی پەدەکەوە لە هەرێمی خەلیفانی باشوری کوردستان شەهیدکران.

ئەندامانی دەزگاکانی سەر بە تەڤگەری کۆمەڵگوی دیموکراتیک (تەڤدەم)ی ناوچەی دربێسی سەردانی چالاکی سێمالکای کرد.

لەبەردەم دەروازەی پێشخابور بە ناوی دەزگاکانی تەڤدەمی ناوچەی دربێسی سەر بە کانتۆنی حەسەکە خالید شێخۆ قسەی کرد.

خالید شێخۆ رایگەیاند، هاوکاری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی شەهیدان شەرمەزار دەکەن. باسی لەوەشکرد کە لە رێگەی هاوکاریەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک تاوانی جیاواز لەدژی گەریلا و خەڵکی مەدەنی لە باشوری کوردستان ئەنجام دەدات.

خالید شێخۆ بانگەوازی لە پەدەکە کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هیچ کاتێک نابێتە دۆستی کورد، وەک نمونە دەوڵەتی تورک ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان ڕەتکردەوە.

خالید شیخۆ لە کۆتاییدا پشتڕاستیکردەوە کە چالاکیەکەیان تاوەکو رادەستکردنی تەرمی شەهیدان بەردەوام دەبێت و داوای لە رێکخراوەکانی مرۆیی، نێودەولەتی و پارتەکان کرد کە کۆمیتەیەک پێکبهێنن بۆ ئەوەی چارەنووسی شەهیدان ئاشکرا بکرێت.

ف.ق