چەتەیەکی داعش دەستگیرکرا

قەسەدە ڕایگەیاند، چەتەیەکی داعشیان لە تل حەمیس دەستگیرکردووە، کە سەرقاڵی ئامادەکاری بۆ هێرشکردن بووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، چەتەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە، کە "ئامادەکاری بۆ هێرشێکی 'تیرۆریستی' دەکرد".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە:

"دوێنێ گروپی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر بە هێزەکانمان لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە شارۆچکەی تل حەمیس، ئەندامێکی تیرۆریستی ڕێکخراوەکەیان دەستگیرکرد، یەکینەکانمان شوێنی مانەوەی تیرۆریستەکەیان گەمارۆ دا و دەستگیریان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزەکانمان، ئەو تیرۆریستە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی تیرۆریستی دەکرد. هێزەکانمان لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو کەسەدا، دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گرت.

ئەو تیرۆریستە لە شارۆچکەی تل حەمیس و گوندەکانی دەورووبەری لە جموجۆڵدا بووە، لە زۆرێک لەو هێرشە تیرۆریستیانەی بۆسەر هێزمان، دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدراون، بەشدار بووە.

ھێزەکانمان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و سەلامەتی گەلەکەمان، دەچنە سەر ئەندامانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و لە سەرچاوەوە وشکیان دەکەن".