سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی درەنگانی دوێنێ شەو گوندەکانی شێخ عیسا و حربل و ئوم ئەلحوش و ئوم ئەلقورای شاری تەل ڕەفعەتی کانتۆنی عەفرین-شەهبایان تۆپباران کرد.
سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی ئەو گوندانەیان بە تۆپ و هاوەن کردە ئامانج.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئاژەڵ و ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان زیانێکی زۆری پێگەیشت.
لەم بارەیەوە دانیشتووانی هەرێمەکە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فوات (ANF) کرد.
"ئێرە جێگەی بەرخۆدانە، ئێرە جێناهێڵین"
دانیشتوویەک بە ناوی محەمەد عەلی ڕایگەیاند هێرشەکە نزیک کاتژمێر ١ ی شەو دەستی پێ کردووە و تا کاتژمێر ٣ بەردەوام بووە، دووپاتی کردەوە ئاژەڵ و مەڕوماڵاتی خەڵک لەناوچوون، گوتی: "ئامانجی دەوڵەتی تورک ئەوەیە گەل هەرێمەکە چۆڵ بکات. بەڵام ئێرە جێگەی بەرخۆدانە و گەل ئێرە جێناهێڵێت".
ئاماژەی بەوە کرد دوێنێ نزیکەی ٥٠ هاوەن بەسەر ناوچەکەیان کەوتووە، بۆیە لە شەوەوە کەس نەخەوتووە، بەڵام بەرامبەر هێرشەکان سەر نەوی ناکەن، گوتی: "با جیهان بزانێت، هەرگیز ئێرە جێناهێڵین و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. کەس ناتوانێت ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنێت".
"لە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ناترسین"
هاوڵاتییەک بە ناوی فیراس ئیبراهیم ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک ٦ ساڵە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکە، گوتی: "دەوڵەتی تورک چی لە ئێمە دەوێت؟ دەرەقەتی هێزە سەربازییەکانمان نایەت، ئینجا هێرش دەکاتە سەر گەل. لێرە گەل تەنها بە کاری خۆیەوە سەرقاڵە، کەچی هەر ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە.
ئێمە کوردین، با بزانرێت، ئێمە نە لە دەوڵەتی تورک و نە لە چەتەکانی و نە پەدەکەی خیانەتکار کە هاوکاری دوژمن دەکات، ناترسین".