داعش گەمارۆکانی سەر ڕۆژئاوا بە دەرفەت بۆ خۆی دەزانێت

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر ڕایگەیاند، کۆمەڵگا بەهۆی گەمارۆکانی سەر ڕۆژئاوا زۆر بێزارە و راشیگەیاند: "داعش کێشە ئابوورییەکان بە هەلێک بۆ ڕێکخستنەکانی دەزانێت و جوڵە بە ئەندامە نهێنییەکانی دەکات".

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کاروباری دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا وتی: داعش و گروپە چەتەکانی هاوشێوەی گەمارۆکان بۆ خۆیان بە دەرفەتێک 'بۆ جوڵکردن' دەزانن و هەروەها ڕژێمی دیمەشقیش ئەو گەمارۆیانە  بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بەکار دەهێنێت. وتیشی: "زیانە ئابوورییەکان بەهۆی شەڕی ١٠ ساڵەوە، کاریگەری یاساکانی قەیسەر، ڕێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە نێونەتەوەییەکان دەبنە هۆی ئەوە، کە لە ناوچەکەدا کێشەی ئابووری دروست ببێت. ئێمە لە کۆبوونەوەی دیپلۆماسییەکاندا باسی هەموو ئەم شتانە و لێکەوتەکانی دەکەین. پێویستە ڕای گشتی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدا بکات".

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کاروباری دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا باسی لە ئابڵوقە و گەمارۆکانی سەر ڕۆژئاوا کرد و رایگەیاند، بەهۆی داخستنی دەرەوازە سنووریەکان لەلایەن رژێمی سوریاوە کێشەی قورسی ئابووری دروستبووە، چونکا دەروازە سنووریەکان تەنها بۆ پەڕینەوەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکرێنەوە.

عومەر وتی: "بە هۆی یاسای قەیسەرەوە زیانمان پێ گەیشتووە، چونکە لە هەرێمەکانی ئیمەدا کار بە لیرەی سوری دەکرێت. یاسای قەیسەر ژیانی کۆمەڵگا ناسەقامگیر دەکات. هەروەها بەهۆی شەڕی ١٠ ساڵەوە ئابووری هەرێمەکە تێکچووە. کاتێک هەموو ئەمانە دێنە پاڵ یەک دۆخەکە بۆ ئێمە قورستر دەبێت".

عومەر لە بەردەوامی دا ڕایگەیاند، ئەو قەیرانە ئابوورییە کاریگەریی بۆ داعش و تیرۆریزم هەیە، داخستنی دەروازەی سنووریی تەل کۆچەر بووەتە هۆی ئەوە، کە پڕۆژە ئابوورییەکان گەشە نەکەن. لە ئێستادا ڕێگە نادرێت یارمەتییە نێونەتەوەییەکان بگەنە هەرێمەکەیان. راشیگەیاند، "پێویستە ڕای گشتی نێونەتەوەیی هاوکاری ئابووریی هەرێمەکە بکەن. پێویستە باکور - رۆژهەڵاتی سوریا لە یاسای قەیسەری بێبەش بکرێت. دووبارە پیاداچوونەوە بە بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی تەل کۆچەر دا بکەن. پێویستە ڕای گشتی نێونەتەوەیی رێگای ئەلتەرناتیڤ بۆ گەیاندنی هاوکاریی بە هەرێمەکە دابین بکەن. ئەگەر پێویست بکات هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و ڕای گشتیی نێونەتەوەیی یارمەتیەکانیان لە رێگای دەروازەی سێماڵکا، یان لە ڕێگەی ترەوە بە هەرێمەکە بگەیەنن. ئەگەر ئەو هاوکارییانە نەبن، ئەوا بە تێپەڕبوونی کات و لە داهاتوودا باری ئابووری هەرێمەکە خراپتر دەبێت".

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کاروباری دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە کاریگەریی دۆخی ئابووری لەسەر چەتەکانی داعش وتی: "کاتێک کێشەی ئابووری لە ناوچەکاندا سەرهەڵدەدا، داعش ئەوە بە هەلێکی ڕێکخستنی دەزانێت و ئەندامە نهێنییەکانی دەست بە جموجوڵ دەکەن. ئەوانە هەموویان کێشەی جدین. داعش ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت و بۆ ئەوەی جارێکیتر خۆی بخزێنێتەوە ئەو ناوچانە. ئێمە لە هەموو کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان دا باسی ئەوە دەکەین".

عومەر ڕایگەیاند، دوێنێ لەگەڵ شاندێکی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەتەوە و لەو بارەیەوە قسەیان کردووە و باسی ئەو گرفتەى بۆ کردوون.

سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانی ڕژێمی دیمەشق عومەر وتی: ڕژێمی دیمەشق بۆ ئەوەی بەربەست و کێشە بۆ خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکور - ڕۆژهەڵاتی سوریا دروست بکات، دەروازە سنوورییەکانی داخستووە. دەیەوێت لەو رێگەیەوە گوشار دروست بکات بۆ  لاوازکردنی سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە و هەوڵ دەدات لە نێوان گەل و خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دا ناکۆکی و کێشە دروست بکات و تەنانەت خواستی سوود لە هێرشەکەى سەر زیندانی حەسەکە وەربگرێت. وتیشی: "دەیانەوێت بە ئابڵوقەی ئابووری ئاستەنگ و کێشە بۆ  خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر دروست بکەن ''.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کاروباری دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆتایی وتەکانیدا وتی: "پێویستە ڕای گشتی نێونەتەوەیی بەخێرایی چاو بە بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی تەل کۆچەردا بخشێنێتەوە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ڤیتۆی چین داخراوە. دەبێت دەروازەکە بکرێتەوە و یارمەتیی لێوە بگات. هەروەها  دەبێت ڕێگایەکی تری جێگرەوە و ئەڵتەرناتیڤ بدۆزرێتەوە. ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر گەلی هەرێمەکە و هەوڵە تیرۆریستییەکان دەبێت".

ژ.ت