دەفەگە: هێرشکردنە سەر گۆڤاری لەمان پرۆڤەی کۆمەڵکوژییە

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات(دەفەگە) سەبارەت بە هێرشکردنە سەر گۆڤاری نوکتەی لەمان و دەستگیرکردنی خەباتکارانی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکە "پرۆڤەی کۆمەڵکوژییە."

دەفەگە لە بەیاننامەکەدا بە بیری هێنایەوە کە گۆڤاری لەمان لە سۆشیال میدیا بەهۆی کێشانی کاریکاتۆرێکەوە کراوەتە ئامانج، دواتر گروپێکی "کۆنەپەرەست" هێرشیان کردە سەر ناوەندەکەیان و ڕایگەیاند: "لە سەروبەندی ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی مادماکدا، هێرشێکی لەو شێوەیە وەک پرۆڤەی کۆمەڵکوژییە."

هەروەها دەفەگە ڕایگەیاند: "دەبوو وەزارەتی داد و ناوخۆ ڕێگرییان لە هێرشەکان بکردایە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئامادەکارییان بۆ هێرشەکان کرد." لە بەیاننامەکەدا هاتووە، جگە لە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی خەباتکارانی لەمان، لێکۆڵینەوەی داراییش لە دژی گۆڤارەکە دەستی پێکردووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە هێرشەکانی دەسەڵات بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام بەڕێەوە دەچێت و هێرشکردنە سەر لەمان لە ڕوانگەی دوژمنکارییەوە دژ بە نوکتە(پێکەنین)، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەرییە. ئێمە وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات هاوکات لەگەڵ لەمان و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، لە دژی هێرشەکان بەرخۆدان دەکەین. هەروەها لە دژی کۆنەپەرەستی تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە دەبەین و کۆمەڵگایەک بە ڕاگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیک بنیات دەنین."