دەوڵەتی تورک ٢١٥ هاوڵاتی سوری دیکەی ڕەوانەی شاری حەلەب کرد

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٢١٥ هاوڵاتی سوری دیکەی بە زۆر ڕەوانەی هەرێمی باکووری حەلەب کرد.

بەپێی هەواڵی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ(SOHR) دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ماوەی 48 کاتژمێری دواییدا 215 پەنابەری سوری بە زۆر ڕەوانەی دەروازەکانی هەرێمی گوندنشینەکانی باکووری حەلەب کردووە. بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە 200 پەنابەری سووری بە 4 پاس گەیاندراونەتە دەروازەی باب سەلام.

هەروەها٣١هاوڵاتی سوری گواستراونەتەوە بۆ دەروازەی سنووری جەرابلوس. ئەو پەنابەرانەی کە گواستراونەتەوە پەنجەمۆر و وێنەی چاویان گیراوە بۆ ئەوەی جارێکی تر نەگەڕێنەوە تورکیا. هەروەها ناچار کراون بەڵگەنامەی گەڕانەوەی خۆبەخشانە بۆ سوریا واژۆ بکەن.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵ دەدات پەنابەرانی سووری لەهەرێمەکانی ژێر داگیرکاری خۆی و چەتەکانی لە سوریا نیشتەجێ بکات.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند که حکومەتی تورکیا 31 پەنابەری سوریای له هەرێمی ئینگۆلی شاری بورسا له تورکیا دەستگیرکردووه و ڕەوانەی سنوور کراون و بەزۆر بۆ سوریا دەنێردرێنەوە.