"دەوڵەتی تورک دەیەوێت خەڵکی هەرێمەکە بەجێبهێڵن "

بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی کانتۆنی قامیشلۆ خورشید ئۆسۆ ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە بۆردومانی وێستگەکانی کارەبا و ئاو و نەوت خەڵکی بێدەسەڵات کردووە و فشاری کۆچبەری داسەپاندووە.

خورشید ئۆسۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی کانتۆنی قامیشلۆ ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیا هێرش دەکاتە سەر پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیان و وتی:" دڕندەیی دەوڵەتی تورک ناسراوە. بەردەوام ئەم هێرشە دڕندانەیە هەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش گەل بەردەوام پێداگری لەسەر مانەوەی لەسەر خاکی خۆی کردوە و دەمێننەوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە تاوانەکانی شەڕ دژ بە مرۆڤایەتی، دژی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر کێڵگەکانی ئاو، کارەبا و بیرە نەوتییەکان. بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی کانتۆنی قامیشلۆ و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کارەبای کانتۆنی قامیشلۆ، محەمەد زەکی سولەیمان عیسا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

 کارەبا و ئاو نییە

خورشید ئۆسۆ وەبیری هێنایەوە کە ئەو وێستگەیەی کارەبای بۆ ٤ وێستگەی ئاوی قامیشلۆ دابین دەکرد بۆردومان کرا و وتی: قامیشلۆ شارێکی گەورەیە، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لێرە دەژین. زۆربەیان لە کۆچبەرانی سەرێکانی و گرێ سپی ــن. هەروەها وێستگەی سویدی کارەبای بۆ تەواوی ناوچەی جزیر دابین دەکرد. دیسان بۆ پێویستی ئاوی ناوچەکە، کارەبای پێویست لێرەوە وەردەگیرا. ئێستا لە دێریکەوە تا عەلۆک و سەرێکانی کارەبا نییە. خەڵکی بێ ئاون. ئێستا تربەسپی، عامودێ، گرکێلگێ، چلاغا، دێریک هەموو ئەم شارانە کارەبایان نییە و ئاویشیان بۆ دابین ناکرێ بەهۆی بوردومانەوە. هەوڵ دەدەین بە مۆلیدەکان ئاو دابین بکەین، بەڵام گەمارۆ لەسەر ڕۆژاڤا هەیە. سنوورەکان داخراون،  ئەستەمە بە پێی پێویستی مۆلیدە دابین بکرێن.

گەل وڵاتەکەیان بەجێ ناهێڵن

 لەراستیدا ئامانجی دەوڵەتی تورک بە بڕینی پێداویستییەکانی خەڵک و بێدەسەڵاتکردنیان ئەوەیە  بەناچاری خاکەکەیان بەجێ بهێڵن.  بەم شێوەیە پێکهاتە و دیمۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت. دڕندەیی دەوڵەتی تورک ناسراوە هەمیشە ئەم هێرشە دڕندانانە لەلایەن ئەوەوە ئەنجام دەدرا. سەرەڕای ئەمەش گەل بەردەوام پێداگری لەسەر مانەوەی لەسەر خاکەکەی کردوە و دەمێنێتەوە. دەوڵەتی تورک بەم پیلانانە ناتوانێت ئیرادەی گەل بشکێنێت. بێگومان زۆر زیانی ماددی گەورە دراوە، بەڵام ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لەپێناو چارەسەری کێشەکان کار دەکەین.

دامەزراوەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا ڕاوستاون

 یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کاروباری کارەبای کانتۆنی قامیشلۆ، محەمەد زەکی سلێمان عیسا وتی: "هێرش کرایە سەر وێستگەکانی کارەبای دێرک، حەسەکە، قامیشلۆ، تربەسپی". وێستگەی عامودێ بەتەواوی سووتاوە و ئێستا شاری عامودێ بێ کارەبایە.  دوو وێستگە لە قامیشلۆ زیانیان پێگەیشتووە. گەلێک لە ناوەندە ستراتیژییەکانمان کار لەسەر ئەم وێستگانە دەکەن. کۆگاکانی دانەوێڵە، نەخۆشخانەی چاو و دڵ، سەنتەری شوشتنی گورچیلە، ٦ نەخۆشخانەی مەدەنی، دوو فڕنی گەورەی ناوەندی قامیشلۆ هەموو لێرەوە کارەبایان وەرگرتووە. ئێستا هەموویان وەستاون. ئێستا پێویستی ئاو و نانی خەڵک دابین ناکرێ. بیرە ئاوییەکان کار ناکەن. نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس بە تەواوی بێ کارەبا بوون.  واتە نزیکەی نیوەی قامیشلۆ.  ئێستا هەوڵ دەدەین مۆلیدە دابین بکەین. ئەو مۆلیدانەی کە خەڵک بەکاری دەهێنن نزیکەی ٣ کاتژمێر کاردەکەن کەواتە کێشەکان سەر هەڵدەدەنەوە. بەڵام هەوڵ دەدەن بەهەر جۆرێک بێت دامودەزگاکان بەڕێوەببەن.  ئێستا ئێمە بە تایبەتی سەرنجمان لەسەر بیرە ئاوییەکان و پێویستی نان و نەخۆشخانەکانە. لەسەر ڕۆژاوا گەمارۆ هەیە. دابینکردنی هەموو پێداوێستیەکان کاتێکی دەوێت”.