دەوڵەتی تورک ناوچەی مەدەنییەکان و بارەگاکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بۆردومان دەکات

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە رۆژئاوا بەردەوامە. هەروەها بارەگای هاوپەیمانی نێونەتەوەییش لە کۆبانێ تۆپباران کرا.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دوای هێرش و پەلامارە بەرفراوانەکانی لە مانگی کانونی یەکەمدا، جارێکی دیکە راستەوخۆ دەستی بە تۆپبارانی هەرێمە مەدەنیەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کردووەتەوە.

دەوڵەتی تورک کە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات، ئەمجارەشیان هێرشی کردەوە سەر ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان.

لە کۆبانێ بارەگای هاوپەیمانی نێونەتەوەیی تۆپباران کرا

بارەگای هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ناوچەی چەلەبیەی شاری کۆبانێ تۆپباران کرد، لەبارەی ئەنجام و زیانەکانی ئەو تۆپبارانەوە زانیاری رانەگەیەندراوە.

لە عەین عیسا وێستگەی کارەبا کرایە ئامانج

هەروەها فرۆکەیەکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لە باشووری ناوچەی عەین عیسا و وێستگەی کارەبای لەناوچەیە بۆردومان کرد. بەهۆیەوە کارەبای ناوچەکە پچڕا.

لە دربێسیە کۆگای خۆراک بۆردومان کرا

کۆگای خۆراک لە ناوچەی دربێسی حەسەکە و ماڵێک لە گوندی گربەتەلی کرانە ئامانجی دەوڵەتی تورک. لەبارەی بۆردومانەکەوە زانیاری بە دەستنەخراوە، بەڵام راگەیەندرا کە ئەگەری هەیە بۆردومانەکەی گوندی گربەتەلی برینداری لێکەوتبێتەوە.

ئەنجومەنی گرێ سپی ناڕەزایەتی دەربڕی

دوای تۆپبارانکردنی وێستگەی کارەبای ناوچەی عەین عیسای کانتۆنی فورات و خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش) کە نزیکن لە بارەگای هێزەکانی روسیا لە باشووری شارەکە، ئەنجومەنی گرێ سپی راگەیەندراوی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێداگریمان لەسەر تێکۆشان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر دەبێت و پەیوەستبوونمان بە خاکەکەمان بەهێزتر دەبێت".

هـ . ب