دیبۆ: ئامانجی دەوڵەتی تورک بێ ڕۆڵکردنی کوردانە

بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیوەندییەکانی گەلی پەیەدە سیهانۆک دیبۆ دەربارەی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئاماژەی بەوەدا تاکە هەوڵدانی دەوڵەتی تورک ئەوەیە بەتەواوی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریادا بێ ڕۆڵبکات.

بەڕێوەبەری نوسینگەی پەیوەندییەکانی گەلی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) سیهانۆک دیبۆ، دەربارەی پلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەیوەندییەکانی بە ئەسەدەوە لە ڕیگەی ئاژانسمانەوە هەڵسەنگاندنی کرد.

سیهانۆک دیبۆ ئاماژەی بەوەدا ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی شامدا، تەنها مەبەست بۆ بەرفراوانکردنی داگیرکارییەکانییەتی و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "هەموو ڕێکەوتنێک کە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل و کۆمەڵگەیە پشتگیری دەدەن بە پەیەدە و هەمیش بە بەڕێوەبەری خۆسەر. بەڵام لەمڕۆدا هەوڵدانەکانی ڕیکەوتنی نێوان ڕژێمی ئەنقەرە و حکومەتی شامدا بەو ئاڕاستەیە نابینین. کاتێک هۆکارە ناوخۆی، هەرێمی، سیاسی و قەیرانەکان لەبەرچاودەگرین، بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا هەنگاوی پێویست نەنراوە. ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و حکومەتی شام لەسەرەتادا بە پشتگیری دانی ڕوسیا دەستیپێکرد. و ئێرانیش مەیلی ئەرێکردنی هەیە، دواتریش دەرکەوت کە چەندین دەوڵەتی عەرەبی پشتگیرییان پێداوە.

دەوڵەتی تورک لە هەوڵی گۆڕێنی دیمۆگرافیایی هەرێمەکەدایە

بەڵام لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی دیمەشق و قسەکانی بەشار ئەسەد، هەندێک لە ڕاگەیاندراوەکانی دەوڵەتی تورک نیشانی دەدەن کە دانوستاندنەکان دەرنجامی ئەرێنی بەدەست ناهێنێ. لە ڕاستیدا خواستی دەوڵەتی تورک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد دا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بنەڕەتییەکانی خۆیەتی. کەئەویش بەرژەوەندی ئابووری و جێگیرکردنی کۆچبەرییە سورییەکانە لەو هەرێمەی کە لەلایەن چەتەکانی خۆیەوە داگیرکراوون. دەوڵەتی تورک هەمشە ویستی گۆڕینی دیمۆگرافیایی هەبووە، لە ئیستاشدا بە جێگیرکردنی کۆچبەران دەیەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی دیمۆگرافیایی ئەو هەرێمانە بگۆڕێ. لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت هەم لە باری کۆچبەری ڕزگاری ببێت کە توشی قەیرانی کردووە، هەمیش ئەو سیاسەتە لەبەرژوەندی خۆی بەکاربهێنێت."

دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات هەرێمە داگیرکراوەکان بەخۆیەوە ببەستێتەوە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دیبۆ ئاماژەی بەوەدا پشتگیریدانی دەوڵەتی تورک لە چەتەکانی داعش ئاستەنگییەکی مەزنە لەبەردەم هێنانە ئارای ڕێکەوتنەوە و وتی: "ئەسەد بە ڕاشکاوانە داوای چوونە دەرەوەی تەواوی دەوڵەتی تورک دەکات لە خاکی سوریادا، لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە تەواوەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە هەرێمە داگیرکراوەکاندا جێگیربکات و ئە هەرێمانە ببەستێت بە خۆیەوە. ئەم ڕەوشەش ڕێگە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدا دەکاتەوە."

'چەتەکان لە باشووردا جێگیر دەکات'

لە کۆتایی قسەکانیدا دیبۆ ئاماژەی بەوەشدا کە دەوڵەتی تورک چەتەکانی داعشی لە هەرێمە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاواوە بردووەتە باشووری کوردستان و جیگیریکردوون و ئاوا بەردەوام بوو: "ئەو چەتانە لە دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەکاردەهێنێت. یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی تەرک؛ لەنابردن و بێ ڕۆڵکردنی کوردە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی سوریادا. دەوڵەتانی ڕێکەوتننامەی ئاستانەش پشتگیری لەم پرۆژەیە دەکەن. لەمڕۆدا مۆدێلی بەڕێوەبەری خۆسەر کە لە ڕۆژئاوادا پێشکەوتووە، وەک چارەسەری بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە سوریاشەوە تاکە جێگرەوەیە. بۆیە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئەم مۆدێلە بێ ڕۆڵبکات. دیسانەوە دەیڵێینەوە بەم شێوەیە نە ئاشتی، نە ئارامی و نە چارەسەریش نایەتە ئاراوە. بۆ ئاشتی و چارەسەری پێویستە دەرگای دیالۆگ بکرێتەوە. تاکە ڕیگەی ئەمەش چارەسەری دیموکراتیک و بەتایبەت چارەسەرکردنی پرسەکانی کوردە."