فەرماندەیی گشتیی یەپەگە یادی فەرماندە خەبات دێرکی بەرزڕاگرت
فەرماندەیی گشتیی یەپەگە: دەستکەوتەکانی ئەمرۆی رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە سایەی گیانبازی شەهید خەبات دێرک و ١٢ هەزار شەهیدەوە بەدیهاتوون.
فەرماندەیی گشتیی یەپەگە: دەستکەوتەکانی ئەمرۆی رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە سایەی گیانبازی شەهید خەبات دێرک و ١٢ هەزار شەهیدەوە بەدیهاتوون.
فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە بۆنەی ١٢هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دامەزرێنەری یەپەگە، خەبات دێرک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"خەبات دێرک لە تەمەنی گەنجیدا بە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ کاریگەر بوو و لەو رێگەیەوە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانی ناسی. راستەوخۆ بەو پەروەردەیەی کە لە رێبەر ئاپۆوە وەریگرتبوو، روویکردە چیا ئازادەکانی کوردستان. هەڤاڵ خەبات کە لە ماوەیەکی کەمدا خۆی لە بواری سەربازییەوە لە چیاکانی کوردستان بەرەوپێش برد، لە زۆر گۆڕەپاندا بە شێوەیەکی شایستە ئەرکی شەڕڤانی و فەرماندەیی بەجێگەیاند. دوای ئەوەی کە رۆڵی پێشەنگایەتی خۆی لە قۆناغە هەستیارەکانی بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا بە سەرکەوتوانە جێبەجێ کرد، بەرامبەر بە جوڵانەوەی جەماوەری لە سەرتاسەری سوریا و رۆژئاوای کوردستان بێدەنگ نەمایەوە، گەڕایەوە بۆ زێد و شوێنی لەدایکبوونی. لە پای رەنج و هەوڵی ٢٠ ساڵەی رێبەر ئاپۆ لە هەرێمی رۆژئاوا، بنەمای مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک کە هەموو گەلان لە خۆدەگرێت، بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ خەبات بەرگی کرداری کرایەبەر. ئەو جەختی دەکردەوە، کە جگە لە ئافراندنی هێزی پاراستنی گەل، پێویستە کۆمەڵگاش خۆی رێکبخات و خۆی بەڕێوەببات و لەو چوارچێوەدا پێشەنگایەتی بۆ خەباتی رێکخستنی گەل کرد. بە دانوستان و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، گەنجان و کۆمەڵگا بە گشتی ئەوەی خستەڕوو کە رێکخستنی گەنجان پێداویستیەکی گرنگە، بۆ ئەوەی گەنجان وەک هێزی بزوێنەری کۆمەڵگا رۆڵی پێشەنگایەتی بگێرن. لەو رێگەیەوە هێزی بە گەنجان بەخشی و گەنجان لە هەستیارترین ساتەکانی کۆمەڵگادا رۆڵیان گێڕا.
هەڤاڵ خەبات بڕوای وابوو، ئەو گەلەی دەیەوێت لەناو گەلانی جیهاندا بوونی هەبێت دەبێت بەر لە هەموو شتێک ببێتە خاوەن هێزی پاراستنی خۆی، ئەو گەلەی نەتوانێت خۆی بپارێزێت، لەناودەچێت. لەسەر ئەو بنەمایە بۆ بونیادنانی هێزێکی سەربازی، زۆر هەوڵیدا و رێگە بۆ دامەزراندنی یەپەگە کردەوە. یەپەگە کە لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمووز دامەزرا، هۆکاری ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا لە جیهان ناسرا و پێشوازی لێکرا، بەهۆی هەڵسەنگاندنەکانی ئەو و دەستکەوتە مرۆڤایەتیەکانیەوەیەتی کە ئافراندوونی. ئەو هێزەی کە ئەمرۆ لە رۆژئاوا و سوریا زیاترین شەڕی دژ بە تیرۆر کردووە و چەندین گروپی چەتە و تیرۆریستی لەناوبردووە، یەپەگەیە. لەبەر ئەوە ئەگەر ئەمڕۆ یەپەگە لەلای گەلانی بندەست باوەشی بۆکراوەتەوە، ئەمە لەسایەی شەهید خەبات دێرک و بە هەزاران هاوڕێی شەهیدمانە. ئەگەر ئەو ترس و نیگەرانیانەی بە هۆی داعشەوە لە جیهاندا خوڵقابوون، رەوێندراونەتەوە، ئەوە لە سایەی ئەو هێزەیە کە شەهید خەبات پێشەنگایەتی کرد و نوێنەرایەتی رۆحی ئەوی کرد.
هەڤاڵ خەبات تەنیا هێزێکی لەسەر بنەمای خۆپاراستن نەخوڵقاند، لە هەمان کاتدا بۆ بەرەوپێشبردنی لە رووی سیاسی، کولتوری و ئابورییەوە تێکۆشانی بەهێزی ئەنجامدا، پێشەنگی هەموو بەرەوپێشچوونەکانی ئەمڕۆیە. لەبەر ئەوەی بووە ئامانجی هێزەکانی دژە شۆڕش و لە ئەنجامی خیانەتێکدا شەهید بوو، ئەمە راستی تێکۆشانێکی بەم جۆرەیە.
ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەدیهاتوون، لە سایەی گیانبازی شەهید خەبات دێرک و ١٢ هەزار شەهیدەوە بەدەستهێنراون. دەبێت هەموومان شوێنکەوتووی رێبازی شەهید خەبات دێرک و سەرجەم شەهیدان بین. هەموو ئەوانەی لەسەر ئەو بنەمایە تێدەکۆشن، دەبێت تێکۆشانی فەرماندە خەبات دێرک بۆ خۆیان بە بنەما بگرن. هەرچەندە ئێمە لە سەرەتای شۆڕشدا دەرفەت و ئیمکانی کەممان هەبوو، بەڵام لە سایەی شەهید خەبات هەنگاوی گەورەنران. ئەمڕۆ ئێمە خاوەن دەرفەت و تواناین و پێویستە هەموان بە گوێرەی هێزی توانای خۆیان پەرە بە تێکۆشانی ئازادی بدەن. بۆ ئەوەی وڵاتێکی باشتر بۆ نەوەی نوێ بەجێبهێڵین، دەبێت رێکخستنی خۆمان فراوانتر بکەین، دەستکەوتەکانمان بپارێزین و ئازادی مسۆگەر بکەین".
هـ . ب