گەلانی عەرەب و کورد و سریان و ئەرمەن تەرمی شەهیدەکانی خۆیان بەخاکسپارد
گەلانی عەرەب و کورد و سریان وئەرمەن، تەرمی ٦ شەهیدی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهیدێکی یەپەگەیان بە پەیمانی تۆڵەسەندنەوە بەخاکسپارد.
گەلانی عەرەب و کورد و سریان وئەرمەن، تەرمی ٦ شەهیدی بۆردوومانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و شەهیدێکی یەپەگەیان بە پەیمانی تۆڵەسەندنەوە بەخاکسپارد.
بە هەزاران کەس لە پێکهاتەکانی کانتۆنی قامیشلۆ (شاری قامیشلۆ، ناوچەی تەل حەمیس، تربەسپی و عامودا) و گوندەکانی شاری قامیشلۆ، بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنی ٧ شەهید بوون.
٦ شەهید، ساڵەح ئەلدوندوش، بەسام ئەلحوسێن، ئالان نازم، مەحمود ئەلوەرۆ، فەیاز ئەلحەدمۆل، محەمەد شەمدین، ئەندامانی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر کە ٨ تشرینی یەکەم لە دێرک شەهیدبوون، هەروەها شەڕڤانی هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕێدور قامیشلۆ (ئەحمەد ئەلعەلی) کە ٩ ی تشرینی یەکەم لە دەیرەزۆر شەهید بوو.
هەزاران کەس لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سریانی و ئەرمەن، ئەندامانی دامەزراوە و یەکێتییە مەدەنییەکان، ژنان و گەنجان، پیاوانی ئایینی، ڕیشسپیانی عەشیرەتەکان، یاساناسان، نوسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان، نوێنەرانی دامەزراوەکان و پارتە سیاسییەکان بەشداربوون.
هاوڕێیانی شەهیدان، تەرمەکانیان هەڵگرت و بەرەو گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان ڕێپێوانیان کرد، لە گۆڕستانەکە وێنەی شەهیدان و درووشمەکان بەرزکرانەوە.
پاش ڕێزگرتن لە شەهیدان، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی جەزیرە، هێڤی سەید، ئاماژەی بە فیداکاری شەهیدان کرد، دووپاتی کردەوە، هێرشەکان ئامانجیان تێکدانی ژێرخانی هەرێمەکە و لەناوبردنی دەسکەوتەکانە؛ ڕوونی کردەوە، ئامادەبوونی ئەم هەزاران کەسە، بەهێزترین وەڵامە بۆ هێرشەکان.
پاشان هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە)، ئاسیا عەبدوڵا، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئەم دواییە هاوکاتە لەگەڵ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها دووپاتی کردەوە، ئامانج لە هێرشەکان لەناوبردنی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و ژیانی هاوبەش و گەلان و شۆڕشی ژنانە.
ئاسیا عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەندامانی هێزی بەرەنگاربوونەوی مادەی هۆشبەر، تێدەکۆشان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو مادە هۆشبەرەی هێزە دیکتاتۆرەکان دەخوازن لەنێو گەنجان و گەل بڵاوی بکەنەوە و ژەهراویان بکەن.
فەرماندەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، محەمەد عومەر، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم شەهیدانە بەڵێنیان دا، گەل و هەرێمەکە لە مادەی هۆشبەر بپارێزن، ئێمەش درێژە بە ڕێگەیان دەدەین و ناهێڵین مادەی هۆشبەر لە هەرێمەکەمان بڵاوبێتەوە.
پاشان ناسنامەی ٧ شەهیدەکە خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە.
دواتر تەرمی ٥ شەهید، ئەحمەد ئەلعەلی، ساڵەح ئەلدوندوش، بەسام ئەلحوسێن، ئالان نازم، محەمەد شەمدین، لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان بەخاک سپێردران، تەرمی شەهید فەیاز ئەلحەدمۆل بۆ ناوچەی تەل حەمیس و شەهید مەحمود ئەلوەرۆ بەرەو تربەسپی بران و لەوێ بەخاک دەسپێردرێن.