'گرنگی بە دیپلۆماسی جەماوەری دەدەین'

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر گرنگی بە دیپلۆماسی جەماوەری و دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن.

عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی کاروباری دیپلۆماسی ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ناوبراو باسی ئەوەی کرد کە کاروباری دیپلۆماسی جەماوەری بە تایبەتی بە گرنگ دەبینن و بەڕێوەبەری خۆسەریش لە رووی ڕای گشتی جیهانەوە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا ئەو هەنگاوە وەک نمونە دەبینێت.

عەبدولکریم عومەر ئاماژەی بەوەدا کە لەماوەی ئەو ساڵەدا بە شێوەیەکی سەرەکی کارەکەیان ئەنجامداوە بۆ ناسینەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕادەستکردنی داعشەکان و خێزانەکانیان و وتی، " لە کۆبوونەوەکانماندا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و هەڕەشە و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکمان بە وردی باس کردووە. داخستنی دەروازەی سنووریی تل کۆچەر بە ڤیتۆی ڕوسیا و چین و داخستنی دەروازەکانی دیکە کاریگەری لەسەر 5 ملیۆن کەس هەیە. بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن داعشەوە داگیرکراون، نەبوونی هاوکاریی مرۆیی و بوونی کێشەی بێکاری و ئابووری دەرفەتێک دەداتە داعش بۆ ڕێکخستنەوەی خۆی. هەروەها جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی سوریا لەگەڵ کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی دەستووری لە جنێف چارەسەر نابێت کە نە کورد و نە پێکهاتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای تێدا نەبوون. لە سەدا ٣٠ی سوریا و بەرژەوەندیەکانی ئەم هەرێمە نوێنەرایەتی نەکران. باسی دۆخی ئێستای داعشمان کردووە و هەزاران ژن و منداڵی داعشمان خستە ناو ئۆردوگاکانەوە. بەتایبەتی ئەگەر بارودۆخی کامپی هۆل بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕەنگە قەیرانێکی مرۆیی نوێ دروست ببێت. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت. لە ڕای گشتی نێودەوڵەتیدا ئێمە هەموو ئەمانەمان لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ کرد و هەوڵمان دا چارەسەریەک بدۆزینەوە.

لە پراکتیکدا دەستیان کرد بە دانپێدانان

عومەر ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکەی کەتەلۆنیا بۆ ناسینەوەی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا زۆر گرنگە و ڕایگەیاند کە زۆربەی دەوڵەتەکان دەستیان کردووە بە ناسینەوەی بەڕێوبەرایەتییەکە لە پراکتیکدا.

عومەر، وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا کاتێک چووینە دەرەوە و ویستمان کۆببنەوە، لە ئاستی وەزیرانی دەرەوە و یاریدەدەرەکانیان لەگەڵمان کۆنەدەبوونەوە، بەڵام ئێستا لەم ئاستەدا پێشوازیمان لێ دەکرێت.

عومەر، وتیشی: "ئێستا دەرگای هەموو وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپامان بۆ کراوەیە. لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەو جێگری وەزیرەکان کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت. تا ئێمە وەک سوریا کێشەکانمان چارەسەر نەکەین و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش بەشداری لەگفتوگۆ دەستوورییەکاندا نەکات ئەستەمە پێگەکەی بناسرێت. "کەمێک ئەستەمە بەڕێوبەرایەتییەکە بە فەرمی بناسرێت تا لە دەستووری نوێی سوریادا جێی نەکرێتەوە."

نوێنەرایەتییەکان لە زۆربەی وڵاتاندا کرانەوە

عومەر بەبیری هێنایەوە کە یەکەم نوێنەرایەتییان لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان کردووەتەوە و وتی: ئێمە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیاش نوێنەرایەتیمان هەیە. ئێمە نوێنەرایەتیمان هەیە لە ستۆکهۆڵم. ؛ە چوار وڵاتی سکاندیناڤی (نەرویج، دانمارک، سوید و فینلاند). ئێمە هەروەها نوێنەرایەتی وڵاتانی ئەوروپا (هۆڵەندا، برۆکسل، لوکسەمبۆرگ) مان هەیە. لە برۆکسل، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نوێنەرمان هەیە. ئەمساڵ نوێنەرایەتییەکمان لە سویسرا کردەوە. لە شوێنە گرنگەکاندا نوێنەرایەتی دەکەینەوە. دەمانەوێت لەساڵی ٢٠٢٢ نوێنەرایەتی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بکەینەوە.

"ئێمە لە بارەی چارەسەری لەگەڵ سوریادا جدیین"

عەبدولکەریم عومەر ڕایگەیاند بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان دەیانەوێت چارەسەرێک لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق و گەلانی سوریا بدۆزنەوە و گوتی: لە دیمەشق چارەسەرێک دەدۆزینەوە. ئێمه هه روه ها لەبارەی چاره سه ری جدین. پێویستە چاوخشاندن بە شاندەکانی جنێف و ئاستانا بکرێت.

ناوچە داگیرکراوەکان

عەبدولکریم عومەر، تیشکی خستە سەر کوشتن و ڕفاندن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆچکردنی زۆرەملێ لەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک داگیریکردووە و ئاماژەی بەوەدا کە کارێکی تایبەتیان لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامداوە و بەڵگەنامەیان ئامادەکردووە و وتی "ئێمە کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە بە زۆر ئاوارە بوون."

"بە هیوایەکی گەورەوە دەست بە ساڵی ٢٠٢٢ دەکەین"

عومەر ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئابڵوقە و پەتای کۆرۆنا، کارەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مەسەدە لە رووی دبلۆماسیەوە نەوەستاوە و وتی: ئەمساڵ جەخت لەسەر دیپلۆماسییەتی گشتی دەکەینەوە. زیاتر هەوڵ دەدەین دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکەین. ئێمە ئەمساڵ بە هیوایەکی گەورەترەوە دەست پێ دەکەین."

ف.ق